لە بادووش گۆڕێكی بەكۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە

دەنگ نیوز

دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق بڵاویانكردەوە، گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە بادووش هەڵدراوەتەوە كە رووفاتی583 كەسی تێدایە و لە قۆناغی یەكەمدا 123 رووفات رادەستی فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی كراون بە مەبەستی ناسینەوەیان.

ماوەی چەند هەفتەیەكە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، دەستكراوە بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەس و كاری قوربانیانی ژێر دەستی داعش، بە مەبەستی دیاریكردنی قوربانیانی ناوچەی بادووش.

زیا كەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە دەزگای شەهیدان رایگەیاند: دەزگای شەهیدان و فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی لە بەغدا، قۆناغی یەكەمیان لە پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانییانی گرتووخانەی بادوش تەواو كرد كە رووفاتی 583 كەسی لە بەندكراوانی گرتووخانەكە تێدایە و سەرجەمیان لەلایەن داعشەوە كوژراون.

بەپێی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، دوای كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی داعش داگیری كردبوون 200 گۆڕی بەكۆمەڵ لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق دۆزراوەتەوە، كە مەزەندە دەكرێت 12 هەزار قوربانییان تێدابێت، ئەمەش بە مەترسیدارترین تاوانی سەردەمی داعش ئەژمار دەكرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *