نرخی گەنم نیگەرانی جووتیارانی لێدەکەوێتەوە

دەنگ نیوز

دوای ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم نرخی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی دیاریکرد، لە ئێستادا بەشێک لە جوتیاران نیگەرانن لەو نرخە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، وەزارەتی بازرگانی عێراق نرخی وەرگرتنی گەنمی بە زیاتر دیاریکردوە.

رێژین سدیق بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو لەوەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم راگەیاند، بڕی ٤٧٥ ھەزار دینار بۆ یەک تۆن گەنمی پلەیەک و ٤٠٠ ھەزار بۆ گەنمی پلە دوو و ٣٢٥ ھەزاریش بۆ گەنمی پلە سێ دیاریکراوە، دیاریکردنی ئەو نرخانەش ھەڵسەنگاندنێکی زۆریان بۆ کراوە و دواتر بڕیاری لەسەر دراوە.

وتیشی، ئەو کۆمپانیا ناوخۆییانەی گەنمی جوتیاران دەکڕنەوە، ئەگەر نرخەکەیان لەسەر گران بکرێت، بەرھەمەکانی ئارد و ساوەر و بڕوێش و بەرھەکانی تری گەنم لەسەر ھاووڵاتیان گران دەکەن.

جەختیشیکردەوە، کاتێک جوتیاران گەنمەکەیان رادەستی کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەکەن، راستەوخۆ پارەی خۆیان وەردەگرن، سەربەستیشن لەوەی بە کۆمپانیای ناوخۆیی دەفرۆشن یان دەیدەن بە سایلۆ حکومییەکان و پارە لە بەغداد وەردەگرن یاخود لە بازاڕی ئازاد دەیفرۆشنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *