ئەمریكا هێرشكردنە سەر نەخۆشخانەیەكی عەفرین سەركۆنە دەكات

دەنگ نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر نەخۆشخانەیەكی شاری عەفرین-ی كرد لەرۆژئاوای كوردستان.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەم پەلامارە “بەربەرییە” بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی منداڵان و كارمەندانی تەندروستیی.

پرایس، لە راگەیەندراوەكەیدا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت بە ھیچ شێوەیەك ژێرخانی مەدەنی بە خەڵكی مەدەنی و نەخۆشخانەكانەوە بكرێنە ئامانج و دەڵێت: “بە توندترین شێوە سەركۆنەی ھێرشەكەی دوێنێی سەر نەخۆشخانەی ئەلشیفا لە شاری عەفرین لە سووریا دەكەین”.

ھاوكات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بانگەوازی راگەیاندنی ئاگربەستی لەسەرانسەری سووریا و داوای كەمكردنەوە توندوتیژی كرد.

راگەیەندراوەكەی نێد برایس، ھیچ ئاماژەیەكی بە لایەنی ئەنجامدەری ھێرشەكە نەكردووە.

لە ئاكامی بۆردومانكردنی شاری عەفرین لەرۆژئاوای كوردستان نەخۆشخانەیەك، خوێندنگەیەك  خانووی هاوڵاتیان كرانە ئامانج، بەهۆیەوە 14 كەس گیانیان لەدەستداو 32ی تر برینداربوون كە منداڵ و ژنیان لەناودایە.

هاوكات، میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، هێزەكانی نزیك لە پەیەدە لە ناوچەی تەلڕەفعەت بە موشەك هێرشەكەیان ئەنجامداوە، لە بەرامبەردا، مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رەتیكردەوە شەڕڤانەكانیان لە پشت هێرشە موشەكیەكەوە بووبن، و ئاماژەی بەوەكرد:” دڵتەنگ و نیگەران بوون بە كوژرانی دەیان كەسی بێتاوانی عەفرین و بە هەموو جۆرێك ئیدانەی ئەو هێرشە دەكەن.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *