یەمەن.. لە سەرەتای ساڵەوە ٣٧ هەزار کەس کۆچیان کردووە

دەنگ نیوز

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا، نزیکەی ٣٧ هەزار کەس لە یەمەن بەهۆی جەنگەوە بە ناچاری کۆچیان کردووە.

لەو بارەیەوە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا رایگەیاندووە ”لەنێوان یەکی کانوونی دووەم و ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، شەش هەزار و ١٢١ خێزان بەناچاری کۆچیان کردووە”.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەو خێزانانە تێکڕا لە ٣٦ هەزار و ٧٢٦ کەس پێکهاتوون و تەنها لە ٦-١٢ی حوزەیراندا، ١٦٩ خێزان کە لە هەزار و ١٤ کەس پێکهاتبوون ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە زۆربەی کۆچەکان لە شارەکانی تەعز، زاڵع و حودەیدە روویانداوە.

لە یەمەن کە ماوەیەکی زۆرە ناسەقامگیری سیاسیی دەگوزەرێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بەردەوامە.

حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا دەستیان بەسەر سەنعا-ی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەدا گرتووە.

هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەڕابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥وە بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی یەمەن، ئۆپەراسیۆنی دژبە حووسییەکان دەستپێکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەمەن کە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی جیهانی تیادا دەگوزەرێت، سەدا ٨٠ی دانیشتوانەکەی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی و پاراستن هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *