هەولێر.. پێچکردنەوەیەکی هەڵە شوفێرێک گیان لەدەستدەدا
دەنگ نیوز
فازڵ حاجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی حوزەیرانی 2021، لە رووداوێکی هاتوچۆدا شوفێرێک گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، کاتژمێر 05:35 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 40مەتری نزیک شوقەکانی ناز سیتی، کلایزەرێکی تایبەت پێچیکردەوە لەشوێن پێچێک و یەکسەر داخلی شەقام بوو بێ ئەوەی سەیری شەقامی سەرەکیی بکات وبزانێت کە ئایا ئۆتۆمبێل هەیە یان نا. بۆیە هەر لەگەڵ پێچکردنەوەی کەوتە سەر ڕێڕەوی ئوتومبێلێکی هیۆندای تۆکسن-ی تایبەت، کە ئەویش زۆر خێرابوو. لە ئەنجامدا پێکدادان ڕوویدا لەنێوانیان. هەر لەگەڵ ساتی پێکدادانەکەش هیۆندای تۆکسن کۆنتڕۆلی لەدەستدا و خۆی کێشا بەستونێکی کارەبا و لەدواییش گەڕایەوە بۆ ناو شەقام و سەر دورگەی ناوەند کەوت و لەدیوەکەی تری شەقام دابەزی، لەوێش خۆی کێشا بەشۆستە و دارەکانی جوانکاری، ئینجا وەستا.
فازڵ حاجی دەشڵێت، بەداخەوە لە دەرەنجامی ئەم کارەساتە، شوفێری تۆکسن گیانی لەدەستدا ودوو سەرنشینیش کە لەگەڵی بوون برینداربوون، لەگەڵ کەوتنەوەی زیانێکی ماددی زۆر بەهەردوو ئۆتۆمبێل و ستونی کارەبا و دارەکانی جوانکاری.
بۆیە ئێمە ڕێنمایی شوفێرانی بەڕێزمان دەکەین کەوا هیچ کات چۆلی شەقام و درەنگانی شەو و بەرەبەیان بەهەڵ وەرنەگرن بۆ پابەند نەبوون بەیاساکانی هاتووچۆ، چونکە لەهەموو کات ئەگەر هەیە ئوتومبێل هەبێت، ئەگەر کەمیش بێت.