ئەمنستی راپۆرتێکی تووندی لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاوکردەوە

دەنگ نیوز

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئەمڕۆ سێشەممە 15ی حوزەیرانی 2021، لە ماڵپەرە فەرمییەکەیدا راپۆرتێکی بەهەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە. تێیدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دەزگای پاراستن-ی پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بە دەمکوتکردنی خۆپیشاندەران لە رێگەی دەستگیرکردنیان و دادگایی کردنیان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و ترساندنیان و دەشڵێت، دەستگیرکردنەکان بەهەڕەمەکی کراون.

رێکخراوەکە دەڵێت، لە ناوەڕاستی ساڵی 2020دا لە هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا خۆپیشاندانی فراوان کراوە، داوای کۆتایی هێنان بە گەندەڵی، خزمەتگوزاریی باشتر، پێدانی مووچە دواکەوتووەکانی فەرمانبەران کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لە ناوچەی بادینان زیاتر لە ١٠٠ کەسیان دەستگیرکردووە. تاوەکو ئێستا 30 کەس لە گرتووخانەکاندا بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا زیاتر هاتووە، رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی 21 چاوپێكەوتنی لەگەڵ قوربانیان و كەسوكاری دەستبەسەركراوان و پارێزەران و كارمەندانی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەڤانان لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و چاوی خشاندووە بە پەڕاوی دادگا.

كەیسی 14 كەسی لە بادینان تۆماركردووە كە سێ کەسیان رۆژنامەنووس و 11 کەسی تریان چالاکوانی مەدەنی و سیاسیین، كە لە مانگەكانی نێوان ئاب و تشرینی یەكەمی 2020 بەشێوەیەكی هەڕەمەكیی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای پاراستنی پارتی دەستگیركراون.

هەروەها شەش لەو كەسانە بێسەروشوێن کراون و رێكخراوەكەمان بە كەیسی بێسەروشوێنبووان تۆماركردووە كە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكان كردووە یان رەخنەیان لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ یان بەهۆی كاری رۆژنامەنووسییەوە بووە. شەش كەسە بێسەروشوێن بووەکان لە نێوان 10 رۆژ تاوەكو سێ مانگ بێسەروشوێن كراون ئەمەش بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی تاوانە. پێنج لەم كەسانەش بە شەش مانگ زیندانیکردن دادگاییەكی نادادپەروەرانە كراون و چوار لەم كەسانەش هەڕەشە لە ئەندامانی خێزانەكانیان كراوە و گێچەڵییان پێكراوە و هەڕەشەی زارەكییان لێكراوە.

هەر لەبارەی كەیسی ئەم 14 كەسە، رێكخراوەكە دەڵێت، ئەم كەسانە بەبێ فەرمانی دەستگیركردن و بەبێ روونكردنەوەی هۆكاری دەستگیركردنیان هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكووتاوەتە سەر ماڵەكانیان و بردوویانی و تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، پێنج لە دەستبەسەركراوەكان تاوەكو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە چاویان بە كەسوكارەكانیان بكەوێت. لە كاتێكدا هێزەكانی ئاسایش لە هەولێر و دهۆك رەتیانكردووەتەوە ئەو دەستگیركراوانە لەلای ئەوان بن.

بەشێكی راپۆرتەكەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، تایبەتکراوە بە دادگاییكردنی گیراوانی بادینان و ئاماژە بەوەكراوە تۆمەتی زۆر قورسیان خراوەتە پاڵ وەك سیخوڕیكردن بۆ لایەنی دەرەكیی و زیان گەیاندن بە ئاسایش و سەروەریی هەرێمی كوردستان و پێدانی زانیاری هەستیار بە پەكەكە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بەرپرسە باڵاكانی هەرێم و كۆكردنەوەی چەك و بەڕێوەبردنی گرووپی چەكداری نەناسراو. لە ئەنجامدا رۆژی 16ی شوباتی 2021 دادگای دووەمی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ هەریەك لەم چالاكڤانانە سەپاندووە.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نێردەی هاریكاری نەتەوە یەكگرتووەكان “یونامی” و لەبەرچاوی پارێزەران، گیراوانی بادینان بە دەستەی دادوەرانیان گوتبوو كە “ئاسایش دانپێدانانەكانیان لەژێر ئەشكەنجەوە وەرگرتوون و واژۆیان پێكردوون”. پارێزەرانیش پێداگرییان لەسەر ئەوەكردووە، كەسیان دۆسیەی تاوانەكانیان پێش و پاش دادگاییكردنەكەشیان نەبینیووە.

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكات كۆتایی بە هەڵمەتی ترساندن و تۆقاندن و دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دادگاییكردنی نادادپەروەرانە و هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەڤانان و چالاكڤانان و كەسوكارەكانیان بهێنن. هەروەها داوا دەكات دڵنیایی بدەن لە گۆڕینی دەسبەجێ و خێرای ئەو یاسایانەی خراپ پێناسەكراون و دەقەكانیان روون نین و لێڵن و گۆڕینی ئەو یاسایانەی بەكاردەهێندرێن بۆ زەوتكردنی ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپیشاندان و دڵنیایی بدەن كە یاساكان بەپێی پێوەر و ستاندەردە نێودەوڵەتییەكان هاوتەریب دابڕێژرێت. لێكۆڵینەوەكان لەژێر هەژموونی ئەشكەنجە نەكرێت. لە كۆتاییشدا داوا دەكات پابەندی رێككەوتنی رۆما-ی دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *