خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین خۆپیشاندانیان کرد
دەنگ نیوز
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی حوزەیرانی 2021، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر دژی بەرزی رێژەی دەرنەچوون گردبوونەوە. خوێندکاران دەڵێن، ڕێژەی دەرچوون لە زانکۆکە %8ـە، داواش دەکەن پێداچوونەوە بە نمرەکاندا بکرێت. ناڕەزایەتیی توند دەردەبڕن و دەڵێن ستەمیان لێکراوە.
خوێندکاران لە بەردەم زانکۆکە گردبوونەوە و ڕایانگەیاند ڕێژەی دەرچوون لە زانکۆکە %8ـە، ئەم رێژەیە زۆرە. لە گردبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند، بەهۆی خراپی دۆخ و ئاستی خوێندن زۆرینەیان دەرنەچوون و بەشێکیشیان دەڵێن، ستەممان لێکراوە.
خوێندکاران باسیان لەوەکرد، لە ترسی مامۆستاکان ناتوانن قسە بکەن و ڕەخنە بگرن، لە بەرامبەر بچوکترین قسەیاندا مامۆستاکان توڕە دەبن و قسەیان پێدەڵێن.
ژمارەیەک لە خوێندکارەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، “خوێندن لێرە تەنها بووەتە مەلزەمە، وانە خوێندن و ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن نییە، تەنها مەلزەمە دەکڕین و وانەکان لەبەر دەکەین، هەموو خوێندنی ئێمە ئەوەیە.”
ئەم خوێندکارانە داوا دەکەن سەرۆکایەتی بەشەکان و زانکۆی سەڵاحەدین پێداچوونەوە بە ئەنجامەکاندا بکات و وەزارەتی خوێندنی باڵاش پێداچوونەوە بە سیستمی خوێندندا بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بەوتەی خۆیان، نوێنەریان چووەتە لای سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.