فازڵ نەبی: حكومەتی هەرێم دەتوانێت سكاڵا لەسەرعیراق تۆماربكات

دەنگ نیوز

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق دەڵێت، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانوویەكی بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ناردنی پشكی ھەرێم بۆ بەغدا نەھێشتووەتەوە، بۆیە گەر حكومەتی عێراق پابەند نەبێت:” حكومەتی ھەرێم دەتوانێ لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكات.”

فازڵ نەبی، بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە:” حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەی لەسەریەتی و ئەركی حكوومەتی ھەرێمە، ئامادەیی خۆی نیشان داوە جێبەجێی بكات لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ئەمساڵ، بۆیە حكومەتی ھەرێم شاندی ناردووە و ھیچ بیانوویەكی بۆ حكومەتی عیراق نەھێشتووەتەوە و بەغدا ناچارە پابەندی یاسای بودجە بێت، چونكە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و بووەتە یاسا.”

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق باسی لەوەش كرد:” ئەگەر ھاتووحكومەتی عیراق پابەندی یاسای بودجە نەبێت و پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە نەكات، كە بەپێی یاسا پێویستە رەوانەی بكات، ئەوكات حكوومەتی ھەرێم دەتوانێ لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكات و سكاڵاكەش لە بەرژەوەندیی ھەرێم یەكلا دەبێتەوە، چونكە حكوومەتی ھەرێم بە جۆرێكی باش مامەڵەی كردووە كە ھیچ بیانوویەكی بۆ حكوومەتی عیراق نەھێشتووەتەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *