کەریم خان وەک داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان دەستبەکاربوو

دەنگ نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی حوزەیرانی 2021، کەریم خان بەفەرمی لە پۆستە نوێیەکەی وەک داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان دەستبەکاربوو.

کەریم خان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا سەرکردایەتی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق ناسراو بە یونیتادی کردووە. لەو ماوەیەدا شەش راپۆرتی تایبەت بە تاوانەکانی داعشی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە تێیدا بەڵگەی ڤیدیۆیی، دۆکیومێنت، نووسراو و لێدوانی رزگاربووان و قوربانیانی دەستی داعشی تێدابووە.

کەریم خان دەبێتە سێیەمین داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان کە لە ساڵی 2002دا دامەزراوە و خان دەبێتە بەرپرسی چەندین مەلەفی قورس و ئاڵۆز لە سەرانسەری جیهان.

رۆژی 13ی شوباتی 2021، کەریم خان سەرۆکی تیمی لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە تاوانەکانی رێکخراوی داعش، بە زۆرینەی دەنگی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان هەڵبژێردرا.

کەریم خان هاووڵاتی بەریتانی، تەمەن 50 ساڵ لە خوولی دووەمی دەنگدان لەنێو کۆمەڵگەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، دەنگی 72 وڵاتی ئەندامی بەدەستهێنا، واتە بە 10 دەنگ زیاتر کە پێویست بوون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کە بڕیارە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا وەریگرێت و بۆ ماوەی 9 ساڵ بەردەوام دەبێت.

کەریم خان رکابەری لەگەڵ سێ بەربژێری دیکە لە وڵاتانی ئێرلاند، ئیتالیا و ئیسپانیا دەکرد تاوەکو ببێتە داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان و شوێنی فاتو بێنسودای گامبی، پارێزەر و شارەزای بواری تاوانەکان بگرێتەوە.

هەڵبژاردنی کەریم خان دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆی چڕی نێوان وڵاتانی ئەندامی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان دێت بە دیاریکردنی داواکارێكی گشتیی نوێ و بووە هۆی ئەوەی مژارەکە بخرێتە دەنگدانی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بڕیارە فاتو بێنسودا، داواکاری گشتی ئێستای دادگەکە لە مانگی حوزەیراندا واز لە پۆستەکە بهێنێت لە دوای 9 ساڵ کارکردن لەو بەشەی دادگای تاوانەکان کە بە یەکێک لە بەشە قورسەکانی سیستەمی دادوەری لە جیهان دادەنرێت.

دوو لەو کەیسانەی کە دەچنە بەردەم کەریم خان، بڕیاردانە لەسەر هەنگاوی داهاتوو تایبەت بە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە تاوانەکانی شەڕی ئەفغانستان و هەروەها لێکۆڵینەوە ئاڵۆزەکانی تایبەت بە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *