دەنگی ناڕەزایەتیی دژ بە بڕیارى ناردنى پارە بۆ هەرێم بەرز دەبێتەوە
دەنگ نیوز
بڕیارە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێک دەربکات دژی ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان. زۆبەری ئەندامانی لیژنەکە ئەوەیان قەبول نییە و دەڵێن: لەدەرەوەی یاسای بودجە شتی وامان قبوڵ نییە. دەبێت هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت، ئینجا شایستە داراییەکان رەوانە بکرێت.
هەریەکە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دەوڵەت یاسا، عەسائیب، رەوتی حیکمە، نەهجی نیشتمانیی هەڵوێست دەردەبڕن. سەرۆکی لیژنەى دارایش داوای بۆچوونی پێکهێنەرەکانی لیژنەکەی کردووە لەوبارەوە.
عەممار توعمە، سەرۆکی فراکسیۆنی نەهجی نیشتیمانی عێراقی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی حوزەیرانی 2021 لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست دەنگ نیوز کەوتووە ڕایگەیاند “لە پێنج مانگی ڕابردوودا نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بۆیە داهاتی هەرێم لەفرۆشی نەوت زیادی کردووە، بەڵام پەرلەمان تەنها هەرێمی پابەند کردووە تەنها داهاتی 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، لەکاتێکدا هەرێم خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 460 هەزار بەرمیل نەوت مانگانە هەناردەی دەرەوە دەکات”.
دەشڵێت “هەرێم سەرباری ئەوەی ڕێگەی پێدراوە بڕی 210 هەزار بەرمیل بۆ خۆی گلبداتەوە بڕی 12.67 %دا لە بودجەی گشتی عێراقیشی پێ دەدرێت، ئەوەش بۆ خۆی ستەمێکی دیکە لە هاوڵاتیانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش کردووە “داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لەشەش تریلیۆن دینار بوو، بەڵام هەرێم یەک دیناری ڕادەستی بەغدا نەکردووە، ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێم و بە هەژمارکردنی شەش مانگی ئەمساڵ، بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە، چونکە زیان بە بەرژەوەندی گشتی وڵات دەگەیەنێت”.
توعمە هۆشداری داوە لەتەقینەوەی دۆخی عێراق بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵکەوە، چونکە دەستەبژێری عێراق بەردەوامن لەهەڵەکردن و دەڵێت “خاوەن بڕیارەکان لەعێراق، دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە تا کار لەکار نەترازاوە”.
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رۆژى سێشەممە 15 ى حوزەیرانى 2021 بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.