روونکردنەوەیەک لەبارەی نرخی بەنزین
دەنگ نیوز
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە هەوڵى جێگیرکردنى نرخى بەنزیندان بەشێوەیەک لە بەرژەوەندى هاوڵاتیاندا بێت.
جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ 16ى حوزەیرانى 2021 لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى، لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار قسەمان کردووە و ئەوەش پەیوەندى بە بەرزبوونەوەى نرخى نەوتەوە هەیە لە جیهاندا.
ئاماژەى بەوەشداوە، ئەو بابەتە تەنها هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە و لە هەموو جیهاندا و وڵاتە عەرەبەییەکانیش نرخى بەنزین بەرز بووەتەوە.
وتەبێژى حکومەتى هەرێم جەختی لەوەش کردەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین نرخەکەى جێگیر بکرێت، بەشێوەیەک لە خزمەتى هاوڵاتیان و بەرژەوەندى گشتى بێت، بۆیە لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار قسەمان کردووە و دەبێت ئەم بابەتە لە ئایندەیەکى نزیکدا چارەسەر بکرێت.
پێشتریش لیژنهی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوی کردەوە، لەسەر گرانیی نرخی بەنزین وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمان دەکات، ئەویش بهمهبهستی پێدانی ڕوونكردنهوهى پێویست لهسهر ئهو پرسانه و گفتوگۆكردن لهسهرى و چۆنیهتیی چارهسهركردنی.
ئەمە لەکاتێکدایە نرخی بەنزین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدا بە 450 دینارە بۆ هەر لیترێک و نرخەکەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ نەگۆڕدراوە. بەڵام نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێک لە نێوان 650 – 725 دینارە لە هەرێمی کوردستان.