حكومەتی سوێد پاکێجی نوێی توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاودەکاتەوە

دەنگ نیوز

حكومەتی سوێد لە پاكێجێكی تایبەتدا 40 رێكاری نوێی توندوتیژی دژ بەژنان راگەیاند و كردە بڕیار. توندترین رێكاریش بێبەشكردنی پیاوان دەبێت لە مافی لەخۆگرتنی منداڵ.

وەزیرانی داد و ناوخۆ و یەکسانی نێوان رەگەزەکان لە حکومەتی سوێد، ئەمڕۆ لەمیانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدا پاکێجی نوێی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان راگەیاند کە 40 جۆرە رێکاری نوێ لە خۆدەگرێت.

راگەیاندنی ئەم پاكێجە لە کاتێکدایە، توندوتیژی لە دژی ژنان لە سوێد بەردەوام روو لە هەڵکشاندایە و بووەتە مایەی شەرمەزاریی ستۆکهۆڵم و بەدوای رێگەچارەیدا دەگەڕێن.

وەزیری دادی سوێد لەمبارەیەوە گوتی، ئەم پاكێجە توندترینیانە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا. چەندین میکانیزمی ئامادەكراومان هەیە بۆ پاراستنی ژنان بەر لەوەی بگاتە ئاستێک توندوتیژییەكە لە دژی ژنانەوە بگاتە منداڵانیش نەكرێت. یەكێك لە میکانیزمەکان، بێبەشكردنی پیاوە لە مافی لەخۆگرتنی منداڵ. جەختیکردەوە، سزای دەستدرێژی چیتر بەپێبژاردن نابێت، بەڵکو بەندكردنی درێژخایەن باشترین چارەسەرە بۆ ئەم بابەتە.

هەروەها وەزیری یەكسانیی لەنێوان رەگەزەكان رایگەیاند، ئامانجمان رێگریكردنە لە توندوتیژی. یەكێك لە سزاكانی توندوتیژی دژ بەژنان، هەر کاتێک ژنێک پەنا بۆ شێلتەرەکان ببات خەرجییەكانی نێو شێلتەرەكان دەخەینە ئەستۆی ئەو پیاوەی توندوتیژی كردووە. هەروەها 34 بڕگەی دیكەی تایبەت بەتوندوتیژی دژ بەژنان لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تاوانەكان زیاد دەكەین.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، ساڵانە بەتێكڕا 15 ژن بەدەست هاوژینەكانیان دەكوژرێن. لە ساڵی 2018دا 22 ژن، لە ساڵی 2019دا 16 ژن و لە ساڵی 2020یشدا 13 ژن بەدەست هاوژینەكانیان كوژران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *