ئیزمیر… هێرشکرایە سەر بارەگای هەدەپە ئەندامێکی گیانی لەدەستدا
دەنگ نیوز
کاژێر 10:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی حوزەیرانی 2021، کەسێکی نەناسراو بە دەمانچەیەکی کەسیی هێرشی کردە سەر بارەگای لقی رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە”، لە پارێزگای ئیزمیر. ئەندامێکی رێکخستنەکانی ئەو پارتەی گوللـەباران کرد.
ناوەندی راگەیاندنی هەدەپە بڵاویکردەوە، کەسێک سەرەتا بە دەمانچەکە تەقەی لە باڵەخانەی بارەگاکە کرد و دواتر بە تەقەکردنەوە هەڵیکوتایە نێو بارەگاکە و ئەندامێکیان کچە و بەناوی دەنیز پۆیراز کرایە ئامانج و هەر لەوێ گیانی سپارد.
میتحات سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا بڵاویکردەوە “دەسەڵات تێگەیشتووە لەوەی ئیدی رزگاربوونی لە نێو ئەو گێژاوە نییە کە دروستیکردووە، پلان دادەریژێت بۆ دروستکردنی پشێوی. سەرۆکی گشتیی ئاکەپە ماوەیەک لەمەوبەر گوتی [ئەمە جارێ رۆژە خۆشەکانتانە. بزانن و ببینن چی دیکە روودەدات]. ئێستا لەسەرتە روونکردنەوە بۆ ئەم گوتەیەت بکەیت”.
هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)شی تۆمەتبار کرد و جەختیکردەوە کە ئەویش وەکو هاوبەشە بچووکەکەی ئاکپارتی بەرپرسیارە لەو تاوانە. لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی میتحات سانجاردا هاتووە:”دەسەڵات بەرپرسیاری ئەو هێرشەیە. ئەم دەسەڵاتە کە سیاسەتی بەدوژمکردن پەیڕەودەکات و زەمینەسازی بۆ پێکدادان دەڕەخسێنێت، لەم تاوانە و تاوانەکانی داهاتوو و کۆمەڵکوژییەکان بەرپرسیارە”.
سانجار ئاماژەیکردووە کە باڵەخانەی هەدەپە لە ئیزمیر ماوەی ساڵێک و نیوە لە ژێر گەمارۆدایە، بەڵام کەسێک کاژێر 10:30 بە چەکی دەستییەوە و بە ئاشکرا دەتوانێ بچێتە ژوورەوە، بەڵام سەتان پۆلیسی ئەو ناوچەیە چاوپۆشی لێ دەکەن یانیش رێگەی پێدەدەن. هاوسەرۆکی هەدەپە بە پێداگرییەوە دەڵێ؛ بە جددی بەدوای ئەم کارەوە دەبین.