مستەفا کازمی لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کۆبووەوە
دەنگ نیوز
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە کراوە.
بە گوێرەی راگەیەنداوەکە، هەر لە میانی دیدارەکەدا باس لە گرنگی پشتیوانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ عێراق لە جەنگی دژبە داعش و چاودێرییکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کراوە و لەمبارەیەوە باڵیۆزەکان پشتیوانی وڵاتەکانیان بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش تایبەت بە چاودێریکردنی نێودەوڵەتیی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکوومەت سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٠ی تشرینی یەکەم دەستەبەر کردووە لەگەڵ رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ دڵنیایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەجۆرێک کە ئەنجامەکەی گوزارشت لە ئیرادەی گەلی عێراق بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە باڵیۆزی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پشتیوانی وڵاتەکانیان بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بە ئامانجی سەپاندنی سەروەری یاسا و چاکسازی ئابووری دووپات کردووەتەوە لەگەڵ گرنگیدانی بە رەخساندنی وەبەرهێنان کە بەهۆیەوە هەلی کار دەستەبەر دەکات.
هاوکات دڵنیایی خۆیان دووپات کردەوە بە توانای حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.
باڵیۆزی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپایان بۆ پێشکەشکردنی هەر پشتیوانییەک دەربڕی کە عێراق لە هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی پێی بێت.