شێخ نەهرۆ بۆ دەروێشەکانی: دەنگ بە ئاغای رەئیسی بدەن
دەنگ نیوز
شێخی تەریقەتی کەسنەزانی داوا لە دەروێشە کەسنەزانییەکان لە ئێران دەکات کە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئێران بکەن و دەنگ بدەن بە ڕەئیسی کە خۆی کاندید کردووە.
شێخ نەهرۆ ڕابەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی ڕایدەگەیەنێت “هەموو دەروێشەکانی کوردستانی ئێران وەک ئەرکێک لەسەر شانیانە کە لە هەڵبژاردنەکانی 28ی مورداد بەشداری بکەن و پشتیوانی لە باشترین کاندید، واتا ڕەئیسی بکەن”.
تەریقەتی کەسنەزانی وەک گەورەترین تەریقەتی سوننە خاوەنی چەند سەد هەزار کەس مورید و دەروێشە لە عێراق، ئێران، تورکیا، عەرەبستان، پاکستان، ئەفغانستان و هیندستان و وڵاتانی کەنداوی فارس و لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێرانیش دەیان هەزار شوێنکەوتەی هەیە.
نووسینگەی سەرەکی ئەم تەریقەتە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.
سبەی هەینی 17ی حوزەیرانی 2021، بە بەشداریی 59 ملیۆن دەنگدەر، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران بەڕێوەدەچێت. 67 هەزار بنکەی دەنگدان لەسەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دانراوە و چوار کاندید لەنێوان بەرەی نەریتخوازان و ریفۆرمخوازان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەم وڵاتە.