کاندیدەکانی ئێران نیگەرانن لە سستی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان

دەنگ نیوز

هەر چوار کاندیدەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، ناڕەزایەتییان دەربڕیووە لەبارەی سستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و داوا لە وەزیری ناوخۆی ئێران کردووە بەزووترین کات کێشەکان چارەسەر بکەن.

بەپێی میدیاکانی ئێران، موحسین قازی زادە هاشمی، کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، بەهۆی ئەم کێشانەوە نزیک بە 3 کاژێر چاوەڕێ ماوەتەوە تاوەکو توانیویەتی دەنگ بدات.

هاوکات ئیبراهیم رەئیسی ئەویش دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی توندی لەبارەی سستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، جەختی لەوە کردبووەوە، کە روودانی کێشەکان کاریگەری لە رەوتی هەڵبژاردن دەکات.

ئەحمەد جەنەتی، سکرتێری ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ وەزیری ناوخۆی ئێران داوای کردووە ئەم کێشانە چارسەر بکرێت.

ئەحمەد جەنەتی کە سەرۆکی ناوەندی چاودێریی بەسەر هەڵبژاردنەکانیش دایە رایگەیاند، لە پارێزگاکانەوە راپۆرتی جۆراوجۆرمان بەدەست گەیشتووە، کە سندووقە ئەلکترۆنییەکان لە شار و گوندەکان رەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان زۆر هێوش کردووەتەوە، قەرەباڵەخی زۆریان دروست کردووە و لە رەوتی هەڵبژاردندا کێشەیان دروست کردووە.

ماڵپەڕی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکوو کاژێر 16:00 بەکاتی تاران راپۆرتی نزیک بە 5 هەزار سەرپێچی بە دەستیان گەیشتووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *