ئیبراهیم رەئیسی بە 17 ملیۆن دەنگ سەرۆکایەتیی ئێرانی مسۆگەرکرد

دەنگ نیوز

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ئاشکراکرد.

بەگوێرەی ئەنجامەکە، ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن و 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 62٪ی کۆی دەنگەکان. بەمەش سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران مسۆگەرکرد و دەبێتە هەشتەمین سەرۆکی ئەم وڵاتە.

ئەنجامەکان بەمشێوەیەن:  

ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن و 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە

موحسین رەزایی 3 ملیۆن و 300 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە

عەبدولناسر هیمەتی 2 ملیۆن و 400 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە

ئەمیر حوسێن هاشمی 1 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە

دوێنێ هەینی 18ی حوزەیرانی 2021 ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردن له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران، بڵاویكرده‌وه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا بۆ دوو كاتژمێری دیكه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌. به‌وشێوه‌یه‌ش ماوه‌ی ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بووه‌ ١٩ كاتژمێر.  

پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ ١٣‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ ئێران كه‌ كاتژمێر ٠٧:٠٠ی به‌یانی ده‌ستیپێكرد و بڕیار بوو كاتژمێر ٢٤:٠٠ كۆتاییبێت، تا كاتژمێر ٠٢:٠٠ی دوای نیوه‌شه‌و درێژكرایه‌وه‌ و کۆتایی پێهات.

رکابەرییەکە کەوتە نێوان فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، موحسین رەزایی، پەرلەمانتار، ئەمیر حسێن قازیزادە هاشمی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ئیبراهیم رەئیسی لە بەرەی بناژۆخوازەکان و سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران، عەبدولناسڕ هیمەتی لە بەرەی چاکسازیخوازان.

بەپێی دەستووری ئێران، هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجامدەدرێت و هەر سەرکۆمارێک تەنها دەتوانێت بۆ دوو خول هەڵبژێردرێتەوە، لەبەر ئەم هۆیەشە حەسەن رۆحانی جارێکی دیکە خۆی نەپاڵاوتەوە.

کاندیدی براوەی هەڵبژاردن پێویستە لایەنی کەم سەدا ٥٠+١ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەگەر رێژەی دەنگەکانی هیچ کاندیدێکیش نەگەیشتە ئەو ئاستە ئەوا ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە بۆ خولی دووەم رکابەری دەکەن و هەر کامێکیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆمار.

بەپێی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران، 59 ملیۆن و 300 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووە. 1.6 ملیۆن دەنگدەریش بەپڕکردنەوەی تەمەنی 18 ساڵییەوە، یەکەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *