بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری دەخاتە سەر بەهای دۆلار
دەنگ نیوز
ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵیی عێراقییە (نینا) ڕایگەیاند، “لە ماوەی ڕابردوودا نرخی نەوت بەرزبوویەوە و گەیشتە نزیکەى 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوەش واتای ئەوەیە کە بڕێکی زیاتری دراوی قورس (دۆلار) دێتە ناو عێراق کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆسەر خستنەڕووی ئەو دراوە لە بازاڕەکاندا، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ دابەزاندنی نرخەکەى لە بەرامبەر دیناری عێراقی.”
ئەحمەدی حاجی ڕەشید داوای لە بانکی ناوەندیی عێراقی کرد “خستەڕووی دۆلار بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان زیاد بکات و بانکەکان ناچار بکات نرخی دۆلار دابەزێنن تاوەکو نرخی دینار ببوژێتەوە.”
هەفتەی ڕابردوو نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 74 دۆلاری تێپەڕاند کە ئەوەش بەرزترین ئاست بوو لە نیسانی 2019ەوە تۆمار کرابێت.
ماوەی سێ هەفتەیە و بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەری بە تایبەت دوای خاوبوونەوەى دۆخی کۆرۆنا و خێرابوونی هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسین، نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەى بەردەوامدایە.
لە ئێستادا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە 149 هەزار و 850 دیناری عێراق، فرۆشی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بەروارد بە ماوەی ڕابردوو زیادی کردووە کە ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ دابەزاندنی.
هاوکات ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق دەتوانێت لەڕێگەی ئەو یەدەکە نەختینەیی کەهەیەتی لەدراوی بیانی و دۆلار کۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بکات و رێگریی لەبەرزبوونەوەی زیاترى نرخەکەی بکات.
لەلایەکی تر، مەزهەر محەمەد ساڵح بەئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، “سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی عێراق کە پاڵپشتە بەو یەدەکە باشەی کە هەیەتی، کۆنترۆڵی نرخی دۆلار بکات و رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری بکات”.
وتیشی، “لەئێستادا بانکی ناوەندی توانیویەتی ڕووپۆشی خواست لەسەر دۆلار بکات لەڕووی پرۆسەکانی بازرگانیی دەرکی ودابین کردنی پێدوایستییەکانی ناوخۆ “.
ئەوەشی وتووە، “کۆنتڕۆڵکردنی نەختینەیی ناوخۆیی و زیادکردنی ڕێژەکەی سەقامگیری بۆ بازاری دراوە لەعێراق دەگەڕێنێتەوە کە ئەوەش وادەکات لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو لادانە کاتیانەی کە دروست بوون لەنرخی دۆلار نەمێنێت و جێگیر بێت لەسەر بنەمای ئەو نرخەی کە حکومەت دایناوە”.