ساڵی رابردوو زیاتر لە ٨٢ ملیۆن کەس ئاوارەبوون
دەنگ نیوز
لە سەرتاسەری جیهاندا و بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە ساڵانە ملیۆنان مرۆڤ ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن و دەبنە پەنابەر.
کۆمیسەری باڵای پەنابەران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رۆژی هەینی 18ی حوزەیرانی 2021، راپۆرتی پەنابەرانی ساڵی ٢٠٢٠ی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٨٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون.
زانیارییەکانیش باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕ و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤەوە ئاوارەبوون بەشێوەیەکی خێرا هەڵکشانی بەخۆوەبینیوە.
هەرچەندە لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ژمارەی ئەو کەسانەی داوای پەنابەرییان کردوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ژمارەی پەنابەرانی جیهان دوو هێندە زیادی کردوە، هەروەها ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەشی لەناوخۆی وڵاتەکانیاندا ئاوارەبوون گەیشتوەتە ٤٨ ملیۆن کەس.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٤ هەزار و ٤٠٠ پەنابەر بۆ وڵاتێکی دیکە کۆچیان کردووە و ٢٥١ هەزار پەنابەریش گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
تورکیا نزیکەی ٣،٧ ملیۆن پەنابەری گرتووەتە خۆ و لە حەوت ساڵی رابردوودا بووەتە ئەو وڵاتەی جیهان کە زۆرترین پەنابەری لەخۆ گرتووە.
دوای تورکیا، هەریەکە لە کۆڵۆمبیا بە ١،٧ ملیۆن، پاکستان و ئوگەندا بە ١،٤ ملیۆن و ئەڵمانیا بە ١،٢ ملیۆن پەنابەر دێن.