پەیامێک لە قوباد تاڵەبانی بۆ پارێزگاری دهۆك

دەنگ نیوز

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد و لەلایەن پارێزگار و بەرپرسانی ئیداری دهۆكەوە پێشوازی لێكرا و لەبارەی خزمەتگوزارییەكان و كێشەكانی پارێزگاكە گفتوگۆیان كرد.

قوباد تاڵەبانی، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و بەرپرسانی تری ئیداری پارێزگاكە، ئەمڕۆ ( 20 حوزەیرانی 2021)، لەبارەی كێشە‌و گرفتە‌ ئیدارییە‌كان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە چوارچێوەی لا مەركەزییەت و باشتر پێشكە‌ش كردنی خزمە‌تگوزارییە‌كان گفتوگۆیان كرد.

لە‌بارە‌ی كێشە‌ ئیدارییە‌كانە‌وە‌، جێگری سەرۆك وەزیران پێی ڕاگەیاندن “بەم نزیكانە دە‌سە‌ڵاتە‌كان شۆڕ دە‌كرێنە‌وە‌  بۆ پارێزگار و بەرێوبەرایەتییە گشتییەكان بۆ ئە‌وە‌ی بتوانن زووتر و باشتر خزمە‌تی ھاوڵاتیان بكە‌ن”. لای خۆشییەوە پارێزگاری دهۆك جەختیكردەوە كە‌ “بەشێك لە كێشە ئیدارییەكانیان بە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانیان چارەسەر دەبن و ئە‌مە‌ش ھە‌نگاوێكی گرنگە‌”.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە‌ كێشە‌ و گرفتە‌كانی پارێزگاكە‌ كرا و چۆنییە‌تی چارە‌سە‌ركردنیان تاوتوێ كرا. پارێزگار و بە‌رپرسانی ئیدارەی دھۆك چە‌ند داواكارییە‌كیان خستە‌ بە‌ردە‌م جێگری سە‌رۆك وە‌زیران كە‌ پە‌یوە‌ستن بە‌ خزمە‌تگوزاری و كێشەكانی وشكەساڵییەوە، لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی بەڵێنی-دا حكومەتی هەرێم كار لەسەر چارەسەركردنیان بكات.

ھە‌روە‌ھا قوباد تاڵەبانی ستایشی ئیدارە و خەڵكی خۆڕاگر و میواندۆستی دهۆكی كرد كە لەپاش 2014 بارگرانی زۆر كەوتووەتە سەرشانیان بەهۆی شەپۆلەكانی ئاوارەبوون و شەڕی تیرۆریستانی داعش.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *