عێراق و تورکیا لەسەر دۆسیەی ئاو کۆدەبنەوە

دەنگ نیوز

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی وەزارەت بەسەرۆکایەتی مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەی ئاو سەردانی تورکیا دەکات.

حەنان حسێن، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و نەخشە ئەندازەییەکانی وەزارەت ئەوەی خستەڕوو، ئامانجی سەردانەکەی ئەم شاندە تاوتوێکردنی دۆسیەی دابەشکردنی ئاوە لەنێوان تورکیا و عێراق و کێشەکانی پەیوەست بەو دۆسیەیە.

بەر لەسەردانەکەش، کۆبوونەوەیەک لەنێوان باڵیۆزی تورکیا لەعێراق و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکاندا بەڕێوەچووە و بەپێی زانیارییەکانی حەنان حسێنیش ئەنجامی سەردانەکە لەبەرژەوەندی عێراق دەبێت و رێککەوتنێکی “باش”یش لەمیانی سەردانەکەدا دەکرێت.

پێشتریش مەهدی رەشید حەمدانی باسی لەوەکرد، گۆڕانی گەورە لەسیاسەتی تورکیا بەرانبەر عێراق هەیە لەبارەی دۆسیەی ئاو و لەسەردانەکانی پێشووی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەماندا درک بەو گۆڕانە کراوە.

وتیشی: عێراق هەوڵ دەدات ناوەندی توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ تورکیا لەبەغدا دابمەزرێنێت و تورکیاش قایلە بەوەی بارەگای ناوەندەکە لەبەغدا بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *