كۆشكى سپى ئیبراهیم رەئیسی بە پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات

دەنگ نیوز

گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی، سەبارەت بە سەرکۆماری نوێی ھەڵبژێردراوی ئێران ئیبراھیم رەئیسی، کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناوی لە لیستی سزادراوەکانی ئەمریکادایە، گوتی، “سەرکۆماری نوێ، بە بەرپرسیار دادەنرێت لەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجیامیداوە”.

ساکی، لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆی لە کۆشکی سپی، ھەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.

جێن ساکی، لەسەر پرسیاری، لە دوای گۆڕینی ئیدارەی ئێران چۆن بەردەوامی بە دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەدەن، گوتی: “سەرۆک جۆ بایدن، لەم دانووستانانەدا سەرکردەی ئێرانی عەلی خامەنەیی وەکو ئەو کەسە دەبینێت کە بڕیار دەدات. ئەم دۆخە لە پێش ھەڵبژاردنەکاندا بەم شێوەیە بوو و ئەمڕۆش ھەر بەم شێوەیەیە، ئەگەری ھەیە لە داھاتووشدا ھەر ئاوھابێت”.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی، لەسەر وەبیرھێنانەوەی بەوەی کە سەرکۆماری نوێی ھەڵبژێردراوی ئێران ئیبراھیم رەئیسی بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناوی لە لیستی سزادراوانی ئەمریکایە، گوتی، “سەرکۆماری نوێ، بە بەرپرسیار دادەنرێت لەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجیامیداوە. بەشێوەیەکی بەھێز بانگەوازی ئیدارەی ئێران دەکەین کە بەندکراوە سیاسییەکان ئازادبکەن و رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکان بگرن”.

ساکی، جەختی لەوەش کردەوە کە دانووستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەردەوامە بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە ھیچ رێککەوتنێک و گوتی، “ئێران، لە مافەکانی مرۆڤ و بابەتەکانی وەکو پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە كارەكتەرێكى باش نییە لە جیھان. ئێمە بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانیمان بەدوای رێککەوتنێکی ئەتۆمييەوەين بەڵام بەسەر ئەم خاڵەدا تێناپەڕێین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *