نەینەوا.. 424 دەرزی توشبووانی کۆرۆنا دزراوە

دەنگ نیوز

دەستەى ئەستۆپاکی عێراق دەستگیرکردنى کەسێکى راگەیاند بەتۆمەتى بردنى (424) دەرزى تایبەت بە چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لە پارێزگای نەینەوا. 

دەستەکە ئەمڕۆ سێشەممە 22ی حوزەیرانی 2021، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، تیمێکى دەستەکە لە نەینەوا توانیویانە یەکێک لەکارمەندانى نەخۆشخانەى شیفاى تایبەت بە چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا دەستگیر بکەن. 

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو کەسە تۆمەتبارە بە دزینى (424) دەرزى کە نرخى هەریەکێکیان (300) دۆلارەو کۆى گشتى پارەى دەرزییەکان دەگاتە (178,080,000) ملیۆن دینارە. 

روونکراوەتەوە، تیمەکە توانیویانە (424) دەرزى لەماڵى تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریخستووە کە ئەو دەرزییانە ساختە بوون و نرخى هەریەکەیان (50) دۆلار بووە، تۆمەتبارەکە بۆ ئاشکرانەبوونى تاوانەکەى ویستویەتى ئەو دەرزیانە بباتە نەخۆشخانەکە و لەشوێنى ئەو دەرزیانە دایبنێت کە بردویەتى. 

تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەى  ( 11/444 ) لە یاساى سزادان راگیراوە کە تایبەتە بە سزادانى هەر کەسێک کە دزى بکات لەناویاندا دزى لەماڵى دەوڵەت و لەنێوان حەوت بۆ 10 ساڵ زیندانى دەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *