ئەنجوومەنی وەزیران داتاکانی داهات و خەرجی و بودجە تاوتوێ کرد
دەنگ نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە 23 ی حوزەیرانی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی بودجەی تاووتوێ كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕوونکردنەوەی زیاتر و پێویستی لەبارەی ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی ناو بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستووەتەڕوو .
هاوكات ئەوەشهاتووە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی چڕ بڕیاردرا، وەزارەتەکانی دارایی وئابووری و پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کۆبوونەوەی پێویست لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان ( دارایی و کاروباری ئابووری، سامانە سروشتییەکان و یاسایی ) هاوكات سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن بۆ پێدانی بەرچاوڕوونی زیاتر و هێنانەدی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا.
ئاماژە بەوەشداراوە، ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەیە پڕۆژە یاسایەکی شەفاف و گشتگیر ئامادە بکرێت و دوای پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان.