راوێژکارانی هاوپەیمانان لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی 70 و 80 کۆبوونەوە

دەنگ نیوز

سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بە ئامادەبوونی نوێنەری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠، راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەی گشتی بۆردی چاکسازی ئەنجامدرا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی حوزەیرانی 2021، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی فراوانی راوێژکارانی هاوپەیمانان و بۆردی چاکسازی کرد، لە کۆبونەوەکەدا، کە راوێژکاری وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، وهۆڵەندا) و نوینەرانی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠  بەشداریان تێدا کرد، جەخت کرایەوە لەسەر دارشتنی پلانێکی درێژخایەن بۆ نەخشە رێگای پێشمەرگە لە داهاتوودا. لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا، لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی رووبەڕووی پرۆسەی چاکسازی دەبنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها بەرەوپێشچوونەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و روانگەی راوێژکارانی هاوپەیمانان بۆ سەرخستنی پرۆژەی کارنامەی هێزی پێشمەرگە، تاوتوێ کرا.

شایانی باسە، نوێنەری هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی (۷٠ و ۸٠)ی پێشمەرگە ئامادەی کۆبونەوەکە بوون ودوایین بەرەوپێشچوونەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە خرایەڕوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *