لە هەولێر بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا
دەنگ نیوز
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش/هەولێر، دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری لە شاری هەولێر راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەداواداچوون و بوونی زانیاریی ورد لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان توانرا تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت کە بازرگانی بەماددەی هۆشبەرەوە دەکرد.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راشیگەیاندووە کە لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا دەستگیراوە بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی هێرۆین و کریستاڵ لەگەڵ تەرازوییەکی کێشان و دوو دەمانچە و پایپێکی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ۲٥ لە یاسای ژمارەی (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.