عەبدولستار مەجید: بەئامادەبوونی حکومەت هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

دەنگ نیوز

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند، بۆ بابەتی مووچە و بوودجە و داهات و چەند بابەتێکی دیکە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێم کۆببێتەوە.

عەبدولستار مەجید لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە کە وەک فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی، سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق-یان کردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، راشیگەیاندووە، سەردانەکە بەمەبەستی گفتوگۆکردن بوو سەبارەت بەو پرۆژە یاسایانەی کە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە رابردوودا پێشکەشی کردوون، بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوودا دوویان بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.

عەبدولستار مەجید دەشڵێت: “هەروەک داواشمانکرد کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە و گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بوودجەوە بکرێت و بەربەستەکانی بەردەم رۆڵ بینینی پەرلەمان لە چاودێری و لێپرسینەوە لاببرێن و بە ئەرکی خۆی هەستێت”.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەبدولستار مەجید ئاشکرایشی کردووە کە بۆ بابەتی مووچە و بوودجە و داهات و چەند بابەتێکی دیکەش، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە، لە دانیشتنی ژمارە (١٥)ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، بەھۆی مشتومڕ لەنێوان بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان بەھۆی پرسی مووچەی فەرمانبەرانەوە، بڕیاردرا لە دانیشتنی داھاتووی پەرلەماندا بانگھێشتی لایەنی پەیوەندار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت بۆ پێدانی روونکردنەوە لەسەر پرسی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *