هەسەدە داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکات
دەنگ نیوز
هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” دووبارە داوا دەکات دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە ئەندامان و زیندانیانی داعش پێکبهێنرێت، مەترسی خۆشی پیشاندەدات لەوەی داعش دووبارە خۆی ڕێکبخاتەوە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەسەدە بە ماڵپەڕی حوڕڕەی ڕاگەیاندووە، ” گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و شاندە بیانییەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێکارێکی تایبەت و دیاریکراو بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش یاخود دۆزینەوەی ڕێگایەکی یاسایی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا”.
شامی ئاماژەی بەوەش کردووە، ” پێشنیاری دروستکردنی دادگایەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆمان لەسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، توانیومانە زۆربەی لایەنەکان لەو بارەیەوە باوەڕپێبهێنین، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی لەو بارەیەوە ئەنجام نەدراوە”.
لەبارەی گرنگی دروستکردنی ئەو دادگایەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە دەڵێت، ” مەسەلەی دەستبەسەرکراوان هەروەها کەمپەکان یەکێکە لە گرنگترین ئەو فایلانەی کە داعش هەوڵ دەدات لە چالاکییە پروپاگەندەییەکەی بۆ بەهێزکردنەوەی خۆی بەکاریبهێنێت”.