هەپەگە ئاماری دوو مانگ شەڕی راگەیاند: 389 سەرباز کوژراون
دەنگ نیوز
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری دوو مانگ شەڕ و پێکدادانی سەربازیی لە دژی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە، لەماوەی دوو مانگی شەڕی دژ بە سوپای تورکیا، 325 چالاکیی گەریلاکان ئەنجامدراون. لە ئەنجامی چالاکییەکانی گەریلا، ٣٨٩ سەرباز کوژران، ٤٧ سەربازی دیکە برینداربوون، ٥٤ گەریلا گیانیان لەدەستدا.
هەپەگە دەشڵێت، سوپای تورکیا ٦٢ جار هەوڵیدا بچێتە ناو تونێلەکانی شەڕ و ١٧ جار لە دژی تونێلەکان و سەنگەرەکانی شەڕ چەکی کیمیایی و گازی ژەهراویی بەکارهێنا.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا، زانیاری لەبارەی زەرەر و زیانەکانی سوپای تورکیا بڵاوکراوەتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیی و کەرەستەی سەربازیی و ئۆتۆمبێل و زریپۆش و درۆن و کۆپتەر و سەنگەری سوپای تورکیا تێکشکێندران و گورزیان بەرکەوتووە.