عێراق.. ئامادەکاریی ئەمنیی بۆ پاراستنی ئاسایشی لووتکەی سێقۆڵی عێراق-ئوردن-میسر

دەنگ نیوز

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لیوا روکن ئەحمەد سەلیم بەهجەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی كرد لەگەڵ فەرماندە ئەمنییه‌كان و بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەزگاکانی هەواڵگریی کە لە بەغدا کار دەکەن.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانی پاراستنی ئاسایشی لووتکەی سەرکردەکانی عێراق، میسر و ئوردن کراوە کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی جێبەجێکردنی پلانی پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانی ئاشتییانە لە ناوەڕاستی بەغدا کراوە و لەمبارەیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا جەختی لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بە پشکنینی خۆپیشاندەران و ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکی ورد بەتایبەت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، كردووه‌ته‌وه‌.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئۆتۆمبێله‌ سەربازیی و حکوومییه‌كان بەهەمان شێوە پێویستە بپشکێندرێن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە رێگەنەدان بە هەڵگرتنی چەک کراوەتەوە و ئاماژە بەوەشدراوە کە پێویستە بەشێوەیەکی مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکرێت و داواکارییەکانیان بگەیەندرێتە لایەنی پەیوەندیدار.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *