مووچەی ئەم مانگەش بەلێبڕینی 21%ـەوە دابەشدەكرێت

دەنگ نیوز

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كورستان بەمیدیای فەرمیی یەکێتیی راگەیاند: بڕیاری پاشەكەوت و لێبڕین و دواكەوتنی مووچە پشتی بەیاسا نەبەستوەو بەبڕیارو رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران بوەو سەرجەمیان نایاسایی بوون.

هەرچەندە سەرۆكی حكومەت بەڵێنیدابوو كە هەموو 30 رۆژی جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەشبكرێت و لە 25ی مانگەوە دەستپێبكات، بەڵام مانگی رابردوو دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواكەوت و بۆ ئەم مانگەش هەر لەسەرەتاوە بەدوو رۆژ مووچەی وەزارەتێك دابەشدەكرێت، لەكاتێكدا بەدرێژای ئەم مانگە نرخی بەرمیلێك نەوت لەسەرو 70 دۆلارەوە بووە.

بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی لەماوەی 30 رۆژ جارێكدا تەنها چەند مانگێكی خایاندو لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی رابردوودا دووبارە دواكەوتنی مووچە سەریهەڵدایەوەو بەشێكی زۆری مووچەخۆران دوای زیاتر لە 40  رۆژ مووچەیان وەرگرتن و دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاریش تا كۆتایهات 15 رۆژی خایاند.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: لەئێستادا قەیرانی دارایمان تێپەڕاندوە، لەبەرئەوەی یەكەم سەرچاوەی داهاتیش نەوتە رۆژانە حكومەتی هەرێم  بەڕەسمی 460 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، نرخی نەوت بەرزە و دۆلاریش بەهاكەی بەرزەو بەهۆیەوە حكومەتی هەرێم لەڕێی گۆڕینەوەی داهاتی نەوتەوە كە دۆلارە بەدینار بڕێكی زۆر پارەی دەستدەكەوێت، هەروەها عیراقیش بڕیاریداوە 200 ملیار دینار بنێرێت، بۆیە ئێستا قەیرانی دارایی تێپەڕیوەو كاتی لێبڕین لە مووچە نەماوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنی وەزیران ساڵی ڕابردوو رۆژی 23ی 6ی 2020 بڕیاریدا مووچە بەلێبڕینەوە دابەشبكات و تائێستاش بەردەوامەو مووچەی چەندجارێكیش دابەشكردنی مووچە بەلێبڕینەوە دواكەتوە.

وەزارەتی دارایی دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەی راگەیاند، بەڵام  بەدوو رۆژ تەنها مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەكرێت.

دارایی دەشڵێت:  بۆ ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو مووچە بە لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% پلە تایبەتەكان دابەشدەكرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *