ئەحمەدی حاجی رەشید: هەرێمی کوردستان 630 ملیۆن دۆلار قەرزاری بەغدا دەبێت

دەنگ نیوز

وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە، ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت: وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوون هەولێر نەک هیچی ناکەوێت، بەڵکو بۆ ئەم شەش مانگە هەرێمی کوردستان 630 ملیۆن دۆلار قەرزاری بەغدا دەبێتەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: لەمیانەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی لێژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێی راگەیاندوون لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا هەرێمی کوردستان  630 ملیۆن قەرزاریش دەبێتەوە. دەشڵێت:” ئەگەر لەڕووی سیاسیەوە چارەسەر نەکرێت بەپێی بڕگەکانی یاسای بوجە هیچ بڕە شایستەیەکی بۆ ناڕوات.”

ئەحمەدی حاجی رەشید، لە پۆستێکدا دەڵێت: لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، وەزیری دارایی رونکردنەوەیەکی وردی دا گوتی: بەپێی بڕگەکانی ماددەی (10، 11) یاسای بوجە، هەرێم[هەرێمی کورستان] کۆمەڵێک پابەندبوونی لەسەرە لەبەرانبەردا کۆمەڵێک شایستەشی هەیە دوای ئەوەی لەئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە شایستەکانی بۆ بنێرێت، ئێمە وەک وەزارەت ڕاسپێراوین ئەو وردکاریە بکەین بزانین هەرێم چەندە شایستەی بەردەکەوێت بۆ ماوەی ئەم (6) مانگە لە ئەنجامدا دوای حسابکردنی خەرجیە فیعلیەکانی حکومەت و لێدەرکردنی بوجەی سیادی و حاکمە رون بوویەوە هەرێم دەبێت رۆژانە بایی (250,000) بەرمیل نەوت بەحسابی سۆمۆ ڕادەستی حکومەت بکەن دەبێت لەئێستادا حکومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی پێشوو بڕی (630) ملیۆن دۆلار بداتە حکومەتی فیدراڵ، واتە لەبری ئەوەی پارەی بۆ بنێرین قەرزاردار دەرچوو.

هەروەها روونیکردەوە، دەیەوێت ئەوە بەبیری شاندی هەرێمی کوردستان بهێنێتەوە، کە لەسەروبەندی دانووساندنەکاندا “زۆر بەڕاشکاوی بۆم ڕون کردنەوە و سوێندم بۆ خواردن، کە ئەو حسابەی ئێوە کردوتانە هەڵەیە و لەوبڕگەی هێناوتانە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ ڕێکەوتوون لەسەری زەرەرتانە و هیچتان دەست ناکەوێت.”

دەشلێت:” بەڵام بەداخەوە کەگوێ نەگرن خەتای ئێمە نییە”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *