نەتەوە یەکگرتووەکان.. ٢٧٥ ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە

دەنگ نیوز

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە کە ساڵی پێشتر، ٢٧٥ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر سەدا ٢٢ زیادی کردووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ڤیەننا سازکرا، نووسینگەی تاوان و ماددەی هۆشبەری سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ”راپۆرتی جیهانی ماددەی هۆشبەری ٢٠٢١”ی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٩دا، بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر سەدا ٢٢ زیادی کردووە و لەو ماوەیەشدا، ژمارەی دانیشتوانی جیهان سەدا ١٠ زیادی کردووە.

لە راپۆرتەکەدا، هەروەها هۆشداری دراوە لەبارەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە تووشی نەخۆشی بوون و چاوەڕوانی چارەسەرن، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە ٢٠١٩دا، ٣٦ ملیۆن کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٢٧٥ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و بەو هۆیەشەوە نەخۆشی زیادی کردووە و کەسانێک رووبەڕووی کێشەی جددی بوونەتەوە لە نەدۆزینەوەی چارەسەر و لە ٢٠٢٠یشدا لە هەشت کەس، تەنها یەک کەس توانیوێتی هاوکاری پرۆفیشناڵانە وەرگرێت.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، باس لەوە کراوە کە لە ٢٠١٩دا، ٢٠٠ ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەر، ٦٢ ملیۆن کەس ماددەی نارکۆتیک کە پێی دەڵێن ”ئۆپۆید”، ٢٧ ملیۆن کەس ئەمڤیتامین و وزە بەخش و ٢٠ ملیۆن کەسیش کۆکاینیان بەکارهێناوە.

هاوکات لە راپۆرتەکەدا باس لەو کێشە تەندروستیانە کراوە کە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دروست دەبن، باس لەوەیش کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ١١ ملیۆن کەس لە رێگەی دەرزیەوە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، لەوانەیش ١،٤ ملیۆنیان هەڵگری ڤایرۆسی HIV، پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزاریان هەڵگری ڤایرۆسی جگەر لە جۆری C-ن.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە بڕی بەرهەمهێنانی کۆکاین کراوە لە جیهان و هاتووە؛ ”لە ٢٠١٤-٢٠١٩دا، بەرهەمهێنانی کۆکاین گەیشتە دوو هێندە و لە ٢٠١٩دا، تا ئێستا پێشبینی دەکرێت بڕەکەی گەیشتبێتە بەرزترین ئاست کە هەزار و ٧٨٤ تۆنە”.

لە سەرانسەری جیهاندا، ئەورووپا لە ریزبەندی یەکەمدایە لە بەکارهێنانی زۆرترین بڕی کۆکاین، کۆلۆمبیاش زۆرترین کۆکاین دابین دەکات.

بەپێی ئەو شیکاریانەی کراون باس لەوە دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠٣٠دا، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری جیهاندا، سەدا ١١ زیاد دەکات، زۆرترین زیادبوونیش بە سەدا ٤٠ لە ئەفریقا دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *