گیانلەدەستدان بە كۆڕۆنا لە توركیا ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماردەكات
رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە توركیا، بەشێوەیەكی لەڕادەبەدەر بەرزدەبێتەوەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێدا تۆماركراوە.
وەزارەتی تەندروستیی توركیا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 37 هەزارو 303 كەسی دیكە تووشی كۆڕۆنا بوون 155 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، كە بەرزترین ژمارەیە لەوەتەی پەتاكە لە توركیا بڵاوبووەتەوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی Worldometer كە رۆژانە لەبارەی پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان زانیارییەكانی نوێ دەكاتەوە، كۆی گشتیی تووشبووانی كۆڕۆنا لە توركیا بۆ سێ ملیۆن و 240 هەزار و 577 حاڵەت بەرزبووەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە 31 هەزار و 230 كەس.
لەماوەی رابردوودا حكومەتی توركیا وەك هەوڵێك بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسەكە، چەندین جار قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریی لە وڵاتدا راگەیاندووە.