زانكۆی سلێمانی چەند بڕیارێك لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدات

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا لە سبەینێوە تاوەكو 10-4 خوێندنی ناو كەمپەس لەسەرجەم كۆلێجەكان رابگرێت و بەشێوەی ئۆنلاین درێژە بە خوێندن بدرێت، سەرجەم بەشەكانی ناوخۆیی خوێندكارانیش دادەخرێت.

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی ھەرێمی كوردستان و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی وڕێگرتن لە زیادبوونی ژمارەی توشبووان و پشتبەست بە بەیانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خوێندنی وانەكان لە ناو كەمپەس بۆ سەرجەم كۆلێجەكانی زانكۆی سلێمانی لە سبەینێ 31-3-2021 تاوەكو 10-4، ڕادەگیرێت، لە بەرامبەردا كۆلێجەكان درێژە بە خوێندنەكەیان دەدەن لەو ماوەدا بەشێوازی ئەلكترۆنی یان ئۆنلاین.

زانكۆی سلێمانی بڕیاریشیدا لەو ماوەیەی خوێ،دنی كەمپەس رادەگیرێت، تەواوی بەشە ناوخۆییەكانی خوێندكارانیش دادەخرێن.

لە خاڵێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ھەر كۆلێجێك ھەردوو رۆژی  چوارشەممە یان پێنج شەممە تاقیكردنەوەیەكی پێشتریان ماوە، دەتوانن درێژە بە تاقیكردنەوەكانیان بدەن لە چوارچێوەی پابەندبوونی تەواو بە رێكارە تەندروستییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سەبارەت بە خوێندكارانی پرۆسەی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا)، ئاماژە بەوەكراوە كە خوێندنیان بەردەوام دەبێت وەك پێشتر بەشێوەی ئاوێتە، لەگەڵ جێبەجێكردنی تەواوی رێكارەكانی خۆپارێزی.

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بڕیاریشیداوە ھەموو ئاھەنگ و كۆبوونەوەو وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندكاران لەناو كەمپەكانی زانكۆ، یان بەسەرپەرشتی كۆلێجەكان رێگەپێدراو نییە، كافتریا وچێشتخانەكانی زانكۆش بە داخراوی دەمێننەوە.

راگەیەندراوەكە ئاشكراشیكردووە، لەپێناو بەڕێكردنی كاروبارەكانی زانكۆدا، دەوامی فەرمی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەرۆكایەتی و كۆلێجەكان و بەرێوەبەرایەتییەكاندا درێژەی دەبێت لە رۆژانی یەك شەممە تا چوارشەممە.

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ھەموو ئەم بڕیارانە تاوەكو رۆژی 10-4-2021، كاریان پێدەكرێت و دواتر  بڕیاری نوێیان لەبارەوە دەدرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *