ڕاگەیاندن، دەتوانێ تێکدەریش بێت
ڕاگەیاندن وەک کرداری ئەو کەسەیە کە خۆی بە دیوەخانی گوندێکدا دەکات و روو لە ھەموو کەسەکان، ھەواڵێک بڵاو دەکاتەوە و ھەموویان دادەچڵەکێنێت، جا یان خۆشحاڵیان دەکات، یان دەبێتە مایەی خوێنڕشتن، کە دواتریش لێی دەکۆڵنەوە نە ھەواڵەکە راستە نە ئاراستەکەی، ئیدی تازە ناشتوانن بێ ئەو زیانەی کردیان، بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێش ھەواڵەکە.
کاتێک باسی رابردووی خۆمان دەکەین، ھەرچی خراپ بێت دەیدەینە پاڵ سیاسییەکان لەوانەی کە ئاراستەکردنی بارودۆخەکەیان بەدەست بووە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە لە بەرزترین پلەی لێپرسراوێتیی ئەم ھەرێمەوە تا فەرمانبەرێک، ھەموویان لە خۆمانن وەک نەتەوە و دانیشتوانی ئەم ھەرێمە، راگەیاندنەکان و کارەکتەرەکانیشی بە ھەمان شێوە، واتا ئەوانیش بەرپرسیارێتی مێژووییان دێتە سەر.
راگەیاندنکاران حزبی بن یان ناحزبی، یەک وشەی ئەوان بەسە کە ببێتە ھەوێنی ئارامی یان ببێتە مایەی تێکدان و وروژاندنی خەڵک بە ئاراستەی ھەڵە.
لەمەش خراپتر ئەوەیە کە کەسی بەرپرسی سیاسی، ھەواڵەکانی ناو راگەیاندنەکان بکاتە سەرچاوەی لێدوان و کاردانەوە لە بەرامبەر ئەوەی کە دەیبیستێت، ئەگەر بە رەسمی ئاراستەی نەکرابێت.
راگەیاندن لەم ھەرێمە زیاتر نابەرپرسیارانەیە، لێدوانی وا ھەیە دوای دوو سەعات خۆی بە خاوەنی نازانێت و شوێنەواری بۆ ناھێڵێ.
ھەواڵێک چەواشە دەکات و لە رێگەی کەناڵێکەوە بڵاوی دەکاتەوە، لە یەکەم ساتی بڵاوکردنەوەی، دەکرێت بیرکردنەوەی سەدان ھەزار کەس بەرەو بڕیاری خراپ یان لێدوانی خراپ ببات، بەڵام کاتێک وەڵام دەدرێتەوە ئیدی دەکشێتەوە و بەدواشیدا روونکردنەوەیەک نادات کە بۆچی ئەو ھەواڵەیان بەو شێوەیە بڵاوکردەوە؟
بازرگانێکە و تازە ھەڵتۆقیوە، دێتە بەر کامێرای راگەیەندنەکەی خۆی و بەراست و چەپدا تۆمەت بڵاو دەکاتەوە و سەرکردەی سیاسیی حزبێکی دێرین، بەوە تۆمەتبار دەکات کە قاچاخچێتی دەکات.
گاڵتەجاڕیی عەقڵی ئەو کەسە ناسیاسییە، لەوەدایە ھێندە ناژیرە نازانێت نەک ھەر نەوت زۆر مادەی دیکەش لەم ھەرێمەدا ھەیە ئەگەر کەسێکیی دەستڕۆیشتووی ئەم حزبە بیەوێت، دەتوانێت تەسەروفی پێوە بکات، ئەویش نەک بە قاچاخ، بەڵکو بە رەسمی، ئیدی بۆچی پەنا بەرێت بۆ قاچاخچێتی؟
ھەندێک کەس لەوانەی کاریان لەشفرۆشییە، جاری وا ھەیە بەمەبەستی بەدەستھێنانی پارە، کێشە لەگەڵ کەسێکی ئاسایی دروست دەکەن، ئەگەر بشزانن کاردانەوەی کەسەکە یەکلاکەرەوە و توندە، ئەوا لە شوێنی گشتیدا ھەوڵدەدەن ئابڕووی بەرن، دەقیژێنن و دەڵێن ئەو کەسە ویستی لاقەم بکات، یان دەستم بۆ ببات، ئیدی تا کەسە بێتاوانەکە خۆی دەخوێنێتەوە ئەوە دەیان کەس ئەگەر کوتەککاریشی نەکەن، ھێندەی لۆمە دەکەن نەتوانێت داکۆکی لەخۆی بکات.
ھەندێک راگەیاندن بەم شێوازە کاردەکات، راستە لە ھەرێمدا کار بە یاسا دەکرێت، بەڵام ململانێکانی نێوان لووتکەکان وایکردووە سیاسییە باڵادەستەکان بە لاوازیی بەرەوڕووی ئەو تاوانانە ببنەوە کە لەرێگەی بوختانکردنەوە لە مینبەری راگەیاندنەکانەوە ھەڵدەبەسترێت و دەوترێت.
ھەندێک کەسیش ھەن کاتێک دەخزێندرێنە ناو کایە سیاسییەکانەوە، بە رێگەی بوختان دەست پێدەکەن، ئەگەرچی کاتیش تێدەپەڕێت و نە ١ بەڵکو ٢ خولی پەرلەمان و زیاتریش دەبڕێت، ھەر بوختان بڵاودەکاتەوە و ژمارەکان حساب دەکات، بەڵام لە ھیچیاندا ناتوانێت رەش و سپی لەیەک جیابکاتەوە.
دەکرێت زۆرێک لە خەڵک خۆشباوەڕ بن، چونکە ئەوانەی کە پلەی رۆشنبیرییان لەئاستێکی باشدا نەبێت و خۆیان لێکدانەوەیان نەبێت بۆ ئەو شتانەی کە دەیبیستن، باوەڕ بەو ھەواڵ و لێدوانانە دەکەن کە دەیبیستن و کاردانەوەکانیشیان راستەوخۆ دەست پێدەکات، ناشیانەوێت گوێیان لە راستکردنەوەی ھەواڵەکە بێت، ئەوان پێیان وایە مادام ئەوە شاشەی تیڤییە ئیتر چۆن دەتوانێت درۆ بکات؟ بۆیە باوەڕی پێدەکەن.
وەزیری پەروەردە لە ھەولێر بڕیار دەردەکات بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢، ماوەی تاقیکردنەوەکان دیاری دەکات، خوێندکاران بەدڵیان نییە و رەتی دەکەنەوە و لە سلێمانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە کۆدەبنەوە و ناڕەزایەتی لەبەرامبەر بڕیاری وەزیر دەردەبڕن، وەک ئەو کەناڵە باسیکرد(دەرگا دەشکێنن، پاسەوانەکان بە ئاسماندا تەقە دەکەن) کەناڵەکەش دێت و راستەوخۆ بڵاوی دەکاتەوە بەبێ ئەوەی دیمەنی پاسەوانێکی گرتبێت لە کاتی تەقەکردندا، دواتریش پەروەردەی سلێمانی ھاوپشتیی خوێندکاران دەکات و وەزیر دەخاتە ژێر گوشارەوە، ئەویش ماوەکەیان بۆ دەکات بە ٤٠ رۆژ و داواکانیان دێنێتەدی و خوێندکارانی ھەولێر و دھۆکیش بەچاوداگرتنێک بە خوێندکارانی سلێمانی (قەڵای ئازادیی) دەڵێن سوپاس بۆ ئەوەی بۆ ئێمەشتان کرد.