دیپلۆماسییەتی یەکێتی لە بەغدای ئێستا
مەریوان مەسعود
ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەگوزەرێت، چ بە چوونی؛ لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی و چ بە مانەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت (وەکو سەرۆکی وەفدی حکومەت)، دیپلۆماسیەتی یەکێتی-یە بۆ چاکردنەوەی ئەو ھەنگاوانەی لە رابردوودا نراون.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مفاوەزاتەکانی رابردوو، بۆ نموونە سەردەمی مفاوەزاتی حزبە کوردستانییەکان لەساڵی ١٩٩١ لەگەڵ رژێمی بەعس، لەبەرئەوەی کاراکتەری حزبە کوردستانییەکان، زۆربوون، بۆیە نەتوانرا ھیچ بەدەستبێت و رژێمەکەی سەدامیش لەو سەردەمە، توانی ئەم دەست و ئەو دەستیان پێبکات، بەڵام ئەمجارە لۆبی یەکێتی بە ھێزەوە لە مفاوەزاتەکان بەشدارە، چونکە دیپلۆماسییەت و مفاوەزات دوور لە عاتیفەو بەڵێنی زارەکی، دەبێت و دەبێت شتەکان روون و شەفاف بن و نووسراوبن، ئەمەش لەئێستادا پەیامی ھاوسەرۆکان و قوباد تاڵەبانی-یە، ئەگینا تائێستا ھیچ وەفدێک بە قەد وەفدەکەی ئەم جارەی حکومەتی ھەرێم، کە یەکێتییەک سەرۆکایەتی دەکات، دیپلۆماسیانە نەچۆتە بەغداو وا زیاد لە ١٠ رۆژە بەردەوام لایەنە حکومی و حزبی و نوێنەرانی بیانی دەبینن، بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجامێک، کە رەزامەندیی خەڵکی کوردستانی لەسەر بێت و بژێوییان باشتر بکات.
ئەوەی من لە لێدوانی لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی و تەنانەت قوباد تاڵەبانی تێگەیشتبم، پەیڕەوی ئەو دیپلۆماسییەتە دەکەن، کە راستەوخۆ و بێ پەردە ئەنجام و ھەنگاوەکان بە میللەت بڵێن، نەک بیبەنە ژوورە تاریکەکان و کەس نەزانێت چی دەگوزەرێت، بۆیە لێدوانەکانیان چ بۆ میدیای کوردی بێت یان میدیای عیراقی و بیانی، یەک شتە، ئەویش بە شەفافیی باسکردنی ھەنگاوەکانی مفاوەزاتە لەپێناوی چاککردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان، کە لە خراپترین ئاستدایە و ھێڵی ھەژارییش رۆژانە کێرڤەکەی بەخێرایی بەرزدەبێتەوە.
ئەو دیپلۆماسییەتەی یەکێتی، لەو جۆرە دەچێت، کە پێیدەوترێت (دیپلۆماسییەتی میللی)، کە ئەم جۆرەیان ھەوڵێکی وڵاتانە بەتایبەت زلھێزەکان بۆ بەئاگابوون لە خواست و پێداویستییەکانی جەماوەر، کە دیارە بەشێکیان بۆ پەیوەندیکردنە لەگەڵ جەماوەری وڵاتێکی تر، بەڵام ئەوەی یەکێتی چ لە رێگەی سەرکردایەتییەکەی بێت، یان لە رێگەی نوێنەرەکانی بێت لە حکومەتی ھەرێم، ئەم جۆرە لە دیپلۆماسیەتە پەیڕەودەکات، کە ھیچ شتێک لە جەماوەر ناشارێتەوە، بەڵکو راستەوخۆ موخاتەبەی جەماوەر دەکات و ئەنحامەکەی پێدەڵێت.
بۆیە کاتێک قوباد تاڵەبانی، دەڵێت: لە بەغدا دەبین تا رێکدەکەوین. خۆ ئەگەر رێکنەکەون و وەفدەکە بێنەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە دیپلۆماسییەتی یەکێتی شکستی ھێناوە، چونکە ئەمە یاری دەستشکانەوە نییە لایەنێک بیباتەوە، جاری وا ھەیە لایەنی بەرامبەر ھەر لە سەرەتاوە بڕیاریداوە پێکنەیەت، کەچی مفاوەزاتیش دەکات، نموونەش زۆرە ئەگینا لە ساڵی ١٩٩١، وێڕای نوێنەری ھەموو حزبە کوردستانییەکان، چەندین سەرکردەی بەئەزموون بەشداربوون، کەچی ئەنجامیشی نەبوو. بۆیە من پێموایە جەولە دیپلۆماسییەکانی ھاوسەرۆکانی یەکێتی، لە ئاستی ناوخۆ و عیراق، ئەنجامی باشی دەبێت، بەو مانایەی جەماوەر ھەموو شتێک دەزانێت و بڕیار لای خۆی دەبێت، ئەگەر سەرنجیش بدەیت، ھەموو ھەنگاوەکانی نوێنەری یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم، زۆر روون و ئاشکران و ھیچی شاراوە نییە لە مفاوەزاتەکانیان، من ئەمە بە خاڵێکی ئیجابی دەبینم لە مفاوەزاتەکە، جا ئەنجامەکەی ھەر شتێک بێت، جەماوەر ئاگای لێیە و ھیچ ھەنگاوێک لە ژوورە تاریکەکان نەنراوە.
دەبێت، یەکێتی-ش ھەنگاوەکان کورتتر و خێراتر بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی ھەرچییەک بێت، بە جەماوەر بوترێت و بیر لەھەنگاوی نوێش بکرێتەوە لە ساڵی نوێدا.