قایمقامی هەولێر: لەم رۆژانەدا نرخی مریشک دادەبەزێت
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەو بارەوە دەڵێت: بەرزبوونەوەی نرخەکە کاتییە و کاردەکەن بۆ دابەزاندنی. قایمقامی هەولێر لەبارەی هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێوەیەکی ئاسایی کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر لە زستاناندا کەمتر جووجەڵە بەخێوەدەکەن، چونکە لەو کاتانەدا پارێزگاری لە جووجەڵەکان قورسترە. هەر جووجەڵەیەکیش پێویستی بە 40 بۆ 45 رۆژە بۆ ئەوەی ببێتە مریشک، کەواتە کەمبوونەوەی مریشک لە بازاڕەکان و گرانبوونی نرخەکەی بەهۆی کەمتر بەخێوکردنی جووجەڵەیە لە زستاندا. لە چەند رۆژی رابردوودا کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە 2500 دینارەوە بووە 4250 دینار، واتە کیلۆیەک مریشک 1750 دیناری زیادی کردووە، لەبارەی کاتی دابەزینی نرخی مریشک قایمقامی هەولێر رایگەیاند: “لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لە پەیوەندیداین بۆ ئاسایی کردنەوەی نرخی مریشک. بەرزبوونەوەی نرخەکە کاتییە، لەم رۆژانەدا نرخەکەی دێتەوە ئاستی پێشتر”. نازم عەبدوڵڵا، کە خاوەنی پەرلەوەرخانەیە، سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بە رووداوی راگەیاند: “هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا خاوەنی پەلەوەرخانەکان جووجەڵەیان دەستناکەوێت”. لە بەشێک دیکەی قسەکانیدا قایمقامی هەولێر لەبارەی ئەو کەسانەی زیاتر لە ئاستی پێویست نرخی مریشکیان گرانکردووە دەڵێت: “بە دڵنیاییەوە ئەگەر ببینین کەسێك ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و مریشک زۆر بە گرانتر دەفرۆشێت، سزای دەدەین”. له ههرێمی كورستان 1,626 پەلەوەرخانەی مۆڵهتدراو و 500 پهلهوەرخانەی بێ مۆڵهت هەن، هەروەها 12 پرۆژهی مریشكی هێلكهی خواردن و 18 پرۆژهی جوجهڵهی دایكانه و پرۆژهیهكی نهژادی پهلهوهر ههن. بەڵام لە رابردوودا بەهۆی مریشکی هاوردەوە بەشێک لەو پرۆژانە داخراون.