لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی بڕیاری نوێی دەرکرد

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد و بەپێی یەکێک لە بڕیارەکان، لە سبەینێوە هێزی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە لەسەر شەقامەکانی سلێمانی دادەنرێن و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن ماسک ببەستن.

دەقی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی:

١ – جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان .

٢ – بۆ هەر بڕگەیەکی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١) لایەنە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە دیاریکران و ئەرکی جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوەیان لەئەستۆدا دەبێت .

٣ – لە ڕۆژی (١/ ٤/ ٢٠٢١)ەوە تیمە هاوبەشەکانی هێزەکانی ناوخۆو ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پێشمەرگە بەشێوەی جێگیرو جوڵاو هەماهەنگیی تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیسی هاتووچۆ، لەژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆماوەی (٣) ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامیی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن، لەدوای ئەوماوەیەوە هەر هاووڵاتییەک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت بەپێی خاڵی (٨) لە بەیانی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٢١) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت .

٤ – بەڕێوەبەرو بەرپرسی هەر دامەزراوەو فەرمانگەیەکی حکومیی و ناحکومیی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا، هەروەها بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێریی و لێپرسینەوەی هەرکەس و بوارو شوێن و پیشەیەک کە مۆڵەتی فەرمیی لەو فەرمانگەیە وەرگرتبێت .

٥ – سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان سەرپەرشتیی و چاودێریی و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی ڕاستەوخۆ لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە سنوری یەکە کارگێڕییەکانی خۆیانداو دەسەڵاتی تەواوی لێپرسینەوەیان دەبێت و لیژنە هاوبەشەکان لە قائمقامیەتەکاندا هاوکارو هەماهەنگی سێکتەرو فەرمانگەکانی تر دەبن لە هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا .

٦ – بنکە تەندروستیەکان لە گەڕەکەکاندا ڕێنمایی تەندروستیی بەردەوام بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بڵاودەکەنەوەو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر دەبن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارەکان .

٧ – بنکەکانی ئاسایش و پۆلیس لە گەڕەکەکاندا بەپێی سنوری کارگێڕی بنکەکانیان هەماهەنگیی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان .

٨ – بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ڕۆژانە، بەردەوام دەبێت لە پشکنینی بەردەوام بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگە حکومیی و ناحکومییەکان .

٩ – بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەرکی دابەشکردن و بەکارهێنانی پێکوتەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای لەئەستۆدایەو داوا لە کارمەندان و هاووڵاتیان دەکەین ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی پێکوتە بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی ئەو ڕێکارو شوێنانەی دیاریکراون .

١٠ – پێویستە هەموو کەناڵ و دامەزراوە مێدیاییەکان هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان، کە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدان .

١١ – لەڕێی فەرمانگەی داواکاریی گشتییەوە داوا لەسەر هەرکەس و لایەن و شوێن و دامەزراوەیەک تۆماردەکرێت، کە زیان بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیی و جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بگەیەنێت .

١٢ – پێویستە هەموو لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوە مەدەنیی و ڕۆشنبیرییەکان کۆڕو چالاکیی و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیان ڕابگرن و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا .

١٣ – پێویستە هەموو ناوەندە ئایینی و زانکۆیی و ڕێکخراوەییەکان و دەستەبژێرو کەسایەتییەکان هەماهەنگ بن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی خۆپارێزیی و پابەندبوون بە ڕێکارە خۆپارێزییەکانەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *