سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كازم فاروق خۆشدەبێت
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا لە كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ خۆشبێت لەبەرامبەر ئەو رەفتارەی كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا نواندی، لەبارەی قسەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتیش دەڵێت: ئەو قسەیە نە روانگەی یەكێتییەو نە سەرۆك مام جەلال-یش ئێمەی بەم شێوەیە پەروەردە كردووە.
د. رێواز فایەق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێڵاو هاوێشتنەكەی كازم فاروق لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، كارێكی ترسنۆكانە بوو، كە پێشتر خۆی بۆی ئامادەكردبوو.
وتیشی:” هەرچەندە سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ پێڵاوەكەی لە من و لە سەرۆكایەتی پەرلەمان نەگرتووە، بەڵام ئەگەر پێی خۆشە بڵێ لە سەرۆكی پەرلەمانی گرتووە، ئەوا من لە حەقی خۆم خۆش دەبم، بەڵام پەرلەمان لە حەقی خۆی خۆش نابێت و دەبێ لەو شوێنەی كە كارەكەی كردووە، بێت و داوای لێبوردن بكات”.
لەبارەی قسەكەی هاوڕێ مەلا ستار ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی، كە لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە حكومەتێكی مێینە وەسفكردبوو، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: قسەكەی ئەو پەرلەمانتارە هەڵە بووە بەرامبەر ژن و قسەكەش تایبەتە بە خۆی، ئەوەش نە روانگەی یەكێتی و سەركردایەتی ئەو حزبەیەو نە سەرۆك مام جەلال-یش ئێمەی بەم شێوەیە پەروەردە كردووە.
د. رێواز فایەق ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت بابەتی مووچە لە پەرلەمانەوە نییەو ئەوان لێی بەرپرس نین، وتیشی:” بەڵام هێنانی ئەو بابەتە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ ناو پەرلەمان، بۆ موزادەیە”.