زەنگی سەدر و مالیکی

بەختیار شاوەیس

ئێوارەی دوێنێ بەزەنگێکی مۆبایلەکەی سەدر بۆ مالکی کۆی پرۆسە سیاسیە چەقبەستوەکە راچڵەکی، پەیوەندی پچراوی پانزە ساڵەی نێوان سەدر و مالکی بە بیست خولەک قسەکردن پێکهێنرایەوە و ئەمەش جارێکی تر ئەو حەقیقەتە پراگماتیکەیەی هێنایەوە ناو ئەندێشەمان کە لەسیاسەت هیچ شتێک نامومکین نیە.

سەدر کەبەجوڵە شۆکهێنەر و عەجیبەکانی ناسراوە، بەم هەنگاوەیشی شتێکی تازەی لەسروشتی کەسایەتی خۆی دەرنەبری و ئەوەی پێ وتین کەهەمیشە چاوەروانی ئەوە بکەن کەچاوەرێی ناکەن.

پێنج مانگی رێکە لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە ، حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و نا بۆ حکومەتی شەرقی و غەربی کردبوە تایتڵی دوای هەر دانیشتن و کۆبونەوەیەکی، هەر بۆیە لەبیست خولەک قسەی تەلەفۆن هەموو ئەوانەی وەلانا و گرێکەی بەرەو کردنەوە برد.

سەدر بە هێنانی جەعفەر سەدری ئامۆزا و ژنبرای، کەلەهەمانکاتدا کوری دامەزرێنەری حیزبی دەعوە و کۆنە پەرلەمانتاری دەعوەیە لەساڵی ٢٠١٠ جارێکی تر ئەوەی وتەوە کەحەنانە بەتویت یان پەیوەندیە تەلەفۆنەکان ئەم عیراقە دەسوڕێنێ.

دواجار؛ لەدوای کۆبونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی و دواتر پەیوەندیکردنەوەی مالکی بەسەدرەوە و هەروەها لەدوای تویتەکەی قەیس خەزعەلی کەئاماژەکان بۆ کۆکبونی هەموانن لەسەر جەعفەر سەدر ، ئیتر ماڵی شیعی وەک ماڵی سونە بەرەو کۆکردنەوە دەچن. بەڵام تاکە ماڵێک کەبەپەرتەوازی لەدورەوە دەروانێ ماڵی کوردی یە، هەر بۆیە زیادە نیە ئەگەر بڵێین لەدوای مام جەلال و لەنەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینەدا شتێک لەئەسڵدا و لەم عیراقەدا هەر بوونی نەماوە بەناوی ماڵی کوردی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *