لاهور شێخ جەنگی: ماندوبوونەکانمان گەیشتە ئەنجام
بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسایی بودجە و جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاساکە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و وێڕایی دەستخۆشی لە تیمی دانووستانی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنی سەوز و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پشوودرێژی و هەوڵە بەردەوامەکانیان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، تێیدا ڕایگەیاند “ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ ڕاستكردنهوهی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، له ناویشیدا دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە برسیەتی و نەهامەتی”.
دەقی پەیامەکە…
دوای هەوڵ و فشارێکی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەکانمان گەیشتە ئەنجام و توانرا پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ جێگیر بکرێت. ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ ڕاستكردنهوهی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، له ناویشیدا دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە برسیەتی و نەهامەتی، کە ماوەیەکی زۆرە له چاوهڕوانی ئاسۆیهكی گهشدا ماونەتەوە. ئەم دەستکەوتە دیاری و چەپکە گوڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە کە پێشکەش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەکات.لێرەوە دەمەوێت سوپاسی تیمی دانووستانی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنی سەوز و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەم بۆ پشوودرێژی و هەوڵە بەردەوامەکانیان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا. ههروهها بە تایبەتی سوپاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دهكهم کە هاوڕا لهگهڵ ئێمه، بەردەوام جەختیان لەوە كردووەتهوه کە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمان، تاكه چارهسهر ئهوهیه ههردوولا ڕێكبكهون. سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عێراقیش دەکەم کە پشتیوان و هاوکارمان بوون لە جێگیرکردنی پشکی هەرێمی كوردستان. هیوادارین حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، هەردوولا پابەندبن بە ڕێککەوتنی نێوانیان وەک ئەوەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر کراوە و دەنگی لەسەر دراوە و پارێزهری ماف و بهرژهوهندییهكانی گهلانی كوردستان و عێراقه.