ئێران به‌غدا ناداته ده‌ست پارتی
عارف قوربانی
پارتی له دوای گشتپرسی و رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، ستراتیجی خۆی رووه‌و به‌غدا گۆڕی، ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌ی رابردوو به هه‌موو توانایه‌وه له ده‌رگای به‌غدا ده‌دات، به‌ڵام به‌غدا ده‌رگە بۆ پارتی ناكاته‌وه. بۆ تێگه‌یشتن له هۆكاری ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی به‌غدا له پارتی، خۆماندووكردنی زۆری ناوێت، به ده‌ربڕینێكی ساده به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه پارتی به رێگەیه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌یه‌وێ بڕوات بۆ به‌غدا. پارتی ناتوانێ له په‌نجه‌ره‌ی ئه‌نبار و نه‌جه‌فه‌وه بچێته ژوره‌وه، له كاتێكدا كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای به‌غدا، له تارانه. واتا رێگەی به‌غدا بۆ پارتی به تاران‌دا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌گه‌ر تاران بیه‌وێ له به‌غدا جێی ببێته‌وه.
كێشه‌ی پارتی ئه‌وه‌یه دره‌نگ ئه‌م كۆدانه ده‌خوێنێته‌وه، هێشتا له‌وه تێنه‌گه‌یشتوه تارانی ئێستا هه‌ولێر به پارتی ره‌وا نابینێت، ئیتر چۆن به‌غدا ده‌داته ده‌ست پارتی؟. نه‌ك ئه‌وه ناكات، ته‌نانه‌ت ناهێڵێت پرۆسه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی كوردیش له به‌غدا به ئاراسته‌یه‌كدا بڕۆن كه ئه‌و كورده‌ی به‌غدای ده‌خرێته ده‌ست، كۆمه‌ك به هه‌ولێر بكات. به پێچه‌وانه‌وه واده‌كات ده‌بێت ئه‌و توانایه‌ی به‌غداش دژ به هه‌ولێر به‌كار ببرێت.
ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار له ساڵی 2018 و ئه‌و ململانێیانه‌ی ئێستاش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته، به‌ڵگه‌یه‌كی روونن بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ی كه نابێت ئه‌و پۆسته بۆ به‌هێزكردنی هه‌ولێر به‌كار ببرێت. ئه‌وكات ده‌رفه‌ت هه‌بوو ئێستاش هه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتیی پێكه‌وه كاره‌كته‌رێك دیاری بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته و به پشتیوانیكردنی هه‌ردوولا، ئه‌ویش به‌غدا بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌ولێر به‌كار به‌رێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه ( د. به‌رهه‌م )یش بێت كه ئێستا بووه‌ته خاڵی ناكۆكی، به‌ڵام ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی له‌پشتی یاری شهترهنجهكهوه دانیشتووه و یاری به داشهكان ده‌كات ناهێڵێت ئه‌مه رووبدات، چونكه ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه كه نابێت كه‌سێك له به‌غدابێت كۆمه‌ك به هه‌ولێر بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه هه‌ركێیه‌ك بێت و بیركردنه‌وه و ئامانجیشی ئه‌وه‌بێت پرۆسه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان به‌كار به‌رێت.
د. به‌رهه‌م پێش هه‌ڵبژاردنی بۆ سه‌رۆككۆمار له خولی پێشوو، نه‌ك ناكۆك نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌غدا بۆ خزمه‌تی هه‌ولێر به‌كار به‌رێت، به‌خۆمی گوت ( ئه‌گه‌ر بارزانی پشتیوانیم بكات بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته و له‌پشتم بێت، عێراق ده‌كه‌مه كۆنفیدراڵی). به‌ڵام بینیمان له‌كوێوه و چۆن ئاراسته‌ی رووداوه‌كان به ئاقارێكدا برا كه ئه‌و پۆسته ببێته هۆكاری قوڵكردنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد و قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. ئه‌مجاره‌ش ده‌كرا به وه‌رگرتنی په‌ند و ئه‌زموون له رووداوه‌كه‌ی خولی پێشوو، پارتی و یه‌كێتیی به جۆرێكی دیكه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا بكردبا، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام دیاره كه ناكۆكی و ململانێكان گه‌یشتوون به‌چی ئاستێك.
ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق له رابردوودا دژ به هه‌رێمی کوردستان ده‌ركراون، ئه‌وانه‌شی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ئایندهی نزیكدا چی له‌لایه‌ن دادگە و وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه وه‌ك پێشهاتی تازه رووبده‌ن، به‌شی زۆری هه‌ر په‌یوه‌سته به وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌وه. به كورتی و كوردییه‌كه‌ی ئێران ناهێڵێت ئه‌و پۆسته بۆ پارتی بێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو ناهێڵێت رێككه‌وتنیش بێته ئاراوه له‌سه‌ر كاندیدی هاوبه‌ش، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پارتی به د. به‌رهه‌میش رازی بووایە، ئێران د. به‌رهه‌می ده‌گۆڕی. وه‌ك چۆن كاتێك له‌ناو یه‌كێتیی قسه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌یان له‌ده‌ست نه‌چێت كاندیده‌كه‌یان بگۆڕن، ئێران رێگه‌ی پێنه‌دان. ئه‌گه‌ر هه‌موو كورد پێكه‌وه‌بن و بڕیار بده‌ن ئه‌و پۆسته‌ش وه‌رنه‌گرن و له‌گه‌ڵ سوننەكان ئاڵوگۆڕ به پۆسته سیادییه‌كانیان بكه‌ن، كورد سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت و سوننە سه‌رۆككۆمار، ئێران رێگا به‌وه‌ش نادات.
هه‌موو ئه‌و رێكاره یاسایی و ده‌ستورییانه‌ی ئێستا له پێش هاوپه‌یمانی (رزگارکردنی نیشتمان)ـن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆككۆمار و راسپاردنی بەربژێر بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌وه‌ی كه ناتوانن ( دوو له‌سه‌ر سێ) كۆبكه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌كه به پێچه‌وانه‌وه بوایە و به‌ره‌ی “وه‌لائییه‌كان” ئه‌و زۆرینهیهیان هه‌بوایە، به دڵنیاییه‌وه دادگەی فیدراڵی ده‌هێندرایه سه‌رخه‌ت و بڕیاری له‌سه‌ر لابردنی كۆسپه ده‌ستورییه‌كانیان ده‌دا به قازانجی دڵخوازه‌كانی ئێران. ئه‌گه‌ر دوو هه‌فته‌ی دیكه هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه ببنه‌وه‌و ( چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ) بكه‌وێته هه‌وڵی پێكهێنانی حكومه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌در ماوه‌ی چل رۆژی بۆ پێشنیازكردوون، چاوه‌ڕوانكراوه به پاساوی ئه‌وه‌ی عێراق نه‌كه‌وێته ناو بۆشایی ده‌ستورییه‌وه، دادگەی فیدراڵی وه‌ك ئاسانكارییه‌ك بۆیان بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی ئه‌و له‌مپه‌ری رێژه‌یه بدات و وه‌ك حاڵه‌تێكی “ئیستسنائی” بڕیار بدات كۆبوونه‌وه به په‌نجا كۆ یه‌ك به‌ڕێوه ببرێت، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی پارتی نه‌بێته سه‌رۆككۆمار.
ته‌نانه‌ت ئێستا ئێران تێگه‌یشتنی به‌و جۆره‌یه، ئه‌وه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێت وه‌ك دروستكردنی له‌مپه‌ر له به‌رده‌م ئێران‌دا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی وه‌لائی، هه‌روه‌ها یاخیبوونی سه‌در و سوننه‌كانیش له چاوی پارتی ده‌بینێت. هه‌موو ئه‌و گوشارانه‌ش كه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له‌سه‌ر هه‌ولێرن و ئه‌و بڕیار و رێكارانهیش كه له دادگەی فیدراڵی عیراق و ئێستای وه‌زاره‌تی نه‌وت و سبه‌ی له وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌وه وه‌ك گوشار ده‌خرێنه سه‌ر هه‌ولێر، به‌شی زۆری هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئێران پارتی و جوگرافیاكه‌ی وه‌ك یاخیبوویه‌ك له تاران وێنا كردووه. ته‌نانه‌ت پارتی ئه‌گه‌ر چه‌ند هێنده‌ی دیكه رووی له به‌غدا بێت و باوه‌شی گه‌رمتر به به‌غدادا بكات، لای ئێران وه‌ك ( ئینتیما و گه‌ڕانه‌وه ) ئه‌ژمار ناكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ولێر روو نه‌كاته تاران.
هه‌رچه‌نده جۆرێك گومانی ئه‌وه‌شم هه‌یه ئایا تاران خۆیشی ده‌رگا بۆ هه‌ولێر ده‌كاته‌وه؟ چونكه ئه‌و گوشارانه‌ی سه‌ر هه‌ولێر و ئه‌و پاڵپێوه‌نانه‌ی به‌غدا و تاران ده‌یكه‌ن، ده‌توانرێت ئاماژه‌ی دیكه‌ی لێبخوێندرێته‌وه كه خوازیاری ئه‌وه‌بن هه‌ولێر بە یەکجاری خۆی فڕێبداته باوه‌شی توركیاوه. دوور نییه له رێككه‌وتنی پشت رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ئێران و توركیا له نێوان خۆیاندا جوگرافیای باشووری كوردستانیان به‌و جۆره له‌نێوانیاندا دابه‌ش كردبێت، ئێران به‌شی خۆی له 16ـی ئۆكتۆبه‌ر وه‌رگرت و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه كێكی توركیا بێت، چونكه ئه‌وه‌ی تاوەکو ئێستا به‌غدا و تاران كردوویانه، ئه‌وه‌شی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له داهاتووی نزیكدا بیكه‌ن، هه‌ر ئاو ده‌كاته ئاشی ئه‌و پاڵ پێوه‌نانه‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌غدا و تاران له‌م سیاسه‌ته‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن ئامانجه‌كه‌یان ئه‌وه‌بێت پارتی رووی له به‌غدابێت. ئێستا پارتی نه‌ك هه‌ر ده‌یه‌وێ بچێته به‌غدا، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ به‌شداری حوكمی به‌غداش بكات، به‌ڵام رێگه‌ی ئه‌و به‌شدارییه‌ی پێناده‌ن. ئه‌و رێكارانه‌ی بۆ رێگریكردن لێی له‌و به‌شدارییه گرتوویانه‌ته‌به‌ر، ده‌رفه‌تی حاكمیه‌تی پارتی له هه‌ولێریش به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌یه كه گومان ده‌كرێت ئێران مه‌به‌ستی دیكه‌ی هه‌بێت، چونكه ناكرێت ئێران ئه‌وه نه‌زانێت هه‌لومه‌رجی نێوخۆیی كوردستان و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیش له‌بارن بۆ شۆكێك كه هاوكێشه‌ی ناوچه‌كه هه‌مووی بگۆڕێت. رووسیا به په‌لاماردانی ئۆكراینا هه‌ژموون و هه‌یبه‌تی یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نه‌هێشتووەته‌وه. توركیا وه‌ك مه‌یل بۆ ئه‌و پاوانخوازییه، ده‌مێكه گه‌رای بۆ خستووه، سوپای هێناوه‌ته زۆر ناوچه و جوگرافیای باشووری كوردستان. ئه‌زموونی پارتیش نموونه‌ی هاوشێوه‌ی تێدایه كه ئەگەر زۆر ته‌نگه‌تاو بكرێت، ده‌ست بۆ چاوه‌ڕواننه‌كراو ده‌بات، ئێرانیش له هه‌موو لایه‌ك باشتر ئه‌م راستییانه ده‌زانێت.