زەمیر كابولۆڤ: تاڵیبان پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیا بەهێزتر دەكات

حكومەتی رووسیا كار بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لە ئەفغانستان دەكات، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پووتین-یش بۆ پرسی ئەفغانستان رایدەگەیەنێت، بزووتنەوەی تاڵیبان خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ مۆسكۆ بەهێزتر بكات.

زەمیر كابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا بۆ پرسی ئەفغانستان، لە میانی لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی تەلەڤیزیۆنی رووسیا، باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و دەسەڵاتی تاڵیبان كرد و ئەوەی ئاشكرا كرد كە لەگەڵ تاڵیبان دیالۆگێكی دۆستانەیان هەیە و ئەم دیالۆگەش پێویستی بە نوێكردنەوە نییە.

نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ پرسی ئەفغانستان، وتیشی: “هەستمان بەوە كردووە كە حكوومەتی نوێی ئەفغانستان بە سەرۆكایەتی بزووتنەوەی تاڵیبان، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیا پتەوتر بكات”.

رۆژی 24ی مانگی رابردوو، شاندێكی حكومەتی رووسیا سەردانی ئەفغانستانی كردو لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی تاڵیبان كۆبووەوە، لەدوای كۆبوونەوەكەش بەرپرسانی تاڵیبان رایانگەیاند كە دەیانەوێت هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ مۆسكۆ فراوانتر بكەن و پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەهێزتر بكەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *