یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر داواکاریی داخستنی هەدەپە ئەنجامدەدرێت
بڕیارە سبەی دادگای دەستوریی توركیا یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە ئەنجامبدات.
ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆسەی دادگاییەكە تەواوبوون و نوسەری دادگا کە ئەرکی خوێندنەوەی دۆسیەکەی پێبەخشراوە، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆسیەکە ئامادەكردووە و پێشکەش بە دەستەی دادگای دەستوریی کردووە.
دوای ئەو هەنگاوەش بڕیارە سبەی چوارشەممە 31ی ئازار دادگای دەستوریی توركیا یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجام بدات بۆ بڕیاردان لەسەر قبوڵکردن یان قبوڵ نەکردنی سکاڵانامەکە.
ئاژانسی ئانادۆڵو-ی توركی بڵاویكردوەتەوە، ئەگەر سکاڵاکە پەسەندبکرێت ئەوا بۆ بەرگری لەخۆکردن، دۆسیەکە دەنێردرێت بۆ هەدەپە و پێویستە ئەو پارتە لەو ماوەیەدا کە دادگا بۆی دیاریدەکات، بەرگری لەخۆکردن ئەنجامبدات.
دوای یەکەم بەرگری لەخۆکردنی هەدەپە، بەکر شاهین، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دادگای باڵای ئەنقەرە، کە سکاڵانامەکەی ئامادەکردووە، تێڕوانینە بنچینەییەکانی خۆی دەخاتەڕوو.
دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغانە نوسەری دادگا تەواوی بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و لەبارەیەوە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکات. دواتر ڕاپۆرتەکە دەدرێتە ئەندامانی دادگای باڵای دەستوریی و سەرۆکی دادگاکە ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی دادگای باڵای دەستوریی ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربارەی داخستنی هەدەپە دەخەنەڕوو.
داخستن یاخود بڕینی بەشە بودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری 10 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی لیژنەی دادگای باڵای دەستوریی هەیە. دواتر بڕیارەکە بە هەدەپە رادەگەیەندرێت و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.