د. فازڵ نەبی: دەبێت حكومەتی هەرێم هەوڵبدات ئێران بەلای خۆیدا رابكێشێت

پڕۆفیسۆر د. فازڵ نەبی بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراقی دەڵێت، فرۆشتنی غازی سروشتی هەرێم هەنگاوێكی زۆرباشە، بە مەرجێك دەبێت وانەیەك لە فرۆشتنی گاز لە گرێبەستەكانی نەوت وەربگرین. 

د.فازڵ نەبی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە:” لەڕاستیدا بابەتی فرۆشتنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان ئێستا كە وا دەستیان پێكردووە هێواش هێواش كاری لەسەردەكەن، هەنگاوێكی زۆرباشە بۆ مەسەلەی ئابوری هەرێمی كوردستان، بەڵام بەمەرجێك ئێمە دەبێت وانەیەك وەربگرین لەو گرێبەستانەی كە پێشتر لە مەسەلەی نەوت كردومانە، مەسەلەی نەوت كاتێك كرا كە هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی هەم ئابوری خراپ و هەم بارودۆخێكی سیاسی خراپدا بوو ئەوكات هەرێمی كوردستان بەهەرجۆرێك بوایە دەیویست نەوتەكەی خۆی بفرۆشێت بۆئەوەی بتوانێت سەرچاوەیەكی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان پەیدا بكات، بەڵام ئێستا دەرگای ئەوروپا بۆ هەرێمی كوردستان كراوەتەوە بۆیە پێویست بەوە دەكات ئێمە دەرس- وانەیەك لەو گرێبەستانەی نەوت وەربگرین، وە ئەو گرێبەستانەی گازی سروشتی كە دەیانكەین بەشێوەیەك بێت بەتەواوەتی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت، ئەو هەموو (تەنازول)ە ی لە گرێبەستی نەوت هەبوو نابێت ئەو تەنازولانە لە گرێبەستی گازی سروشتی بكەین. “

د.فازڵ نەبی زیاتر ڕوونیكردەوە:” لایەنی دووەم، مەسەلە ئابوریەكەی ئەوەیان خاڵێكی زۆرباشە چونكە ئابوری هەرێمی كوردستان زۆر پێویستی بە سەرچاوەی دارایی تر هەیە، ئەو سەرچاوانەی تر كە هەیە بەداخەوە لەبەرئەوەی چاكسازیەكی تەواو نەكراوە بەتەواوەتی بەشی هەرێمی كوردستان ناكات و دەبینین كە مووچە خەڵك دوادەكەوێت و زۆربەی زۆری پرۆژەكان وەستاون،‌ هیچ پرۆژەیەكی نوێ لەئارادا نییە، بەڵام وەكو باسمكرد ئەگەر گرێبەستی گازی سروشتی بەشێوەیەك بێت لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت ئەوكاتە سەرچاوەیەكی دارایی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان پەیدا دەبێت،‌ هەرێمی كوردستان دەتوانێت كە بەتەواوەتی بودجەی خۆی دروست بكات، كە بەداخەوە چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان بودجەی نییە دەتوانێت بودجەی خۆی دەستەبەر بكات و دروستی بكات و بینێرێتە پەرلەمان و لایەنی یاسایی وەربگرێت لەهەمانكاتدا دەتوانێت مووچەی خەڵك لەكاتی خۆی بدات و سەقامگیریەكی دەروونی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، سەقامگیریەكی ئابوری بۆ بازاڕی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بێگومان سەقامگیری ئابوریش دەبێته ‌هۆی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا بۆیە لەهەموو لایەنەكان ئەگەر تەماشای بكەین شتێكی زۆرباشه. “

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی لەو گرفتە كرد كە لە ئێستادا لەبەردەم هەناردەی غازی هەرێم دروست دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەو ڕووەوە دەڵێت:”ئێستا ئەوەی ئێمە هەستی پێدەكەین لە هەرێمی كوردستان و دەیبیستین لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەداخەوە لێك تێنەگەیشتنێك یان جۆرە گرفتێك هەیە لەنێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد یان بابڵێن حكومەتی هەرێمی كوردستان و زۆنی سەوز، ئەوەی گوێمان لێبوو لە ”بەڕێز بافڵ تاڵەبانی” سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەوەبوو كە وتی ئێمە ڕێگەنادەین گازی سروشتی هەرێمی كوردستان بەوشێوەیە بفرۆشرێت كە پێشتر نەوتی هەرێمی كوردستانی لێ فرۆشراوە بۆیە ئەوە لەوانەیە گرفتێك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات لە مەسەلەی دەرهێنانی گازی سروشتی و فرۆشتنی.”

پێشتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە یۆنان ڕایگەیاند:” هەرێمی كوردستان دەتوانێت قەیرانی غازی وڵاتانی ئەوروپا چارەسەر بكات”

د. فازڵ نەبی ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی بە بەشێك لە حكومەت ناوبردو ووتی:” ڕاستە كاك قوباد لەوێ قسە دەكات، بەڵام كاك قوباد بەشێكە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵام ئێمە هەمیشە ئەو ڕاستیە دەزانین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی دەسەڵاتی بەسەر هەموو سەرچاوەی نەوتی و غازی و دارایی هەرێمی كوردستاندا نییە لە هەردوو زۆندا نەك تەنها لە زۆنێكدا، بۆیە بەبۆچوونی من ئەگەر هاتوو هەردوو حیزب ڕێكنەكەون لەسەر هەندێك مەسەلە لەوانەیە گرفتێك بۆ مەسەلەی دەرهێنان و فرۆشتنی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان دروست ببێت. “

دوانزەی مانگی ڕابردوو ئێران لە ڕێگای موشەكی بالیستییەوە هەولێری موشەك بارانكرد، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش لە كۆتایی مانگی ڕابردوو بڵاوی كردەوە هۆكاری موشەك بارانكردنەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی لە ڕێگای توركیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.بەوەش ئێران ویستویەتی هۆشداری بداتە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی-عێراق. “

لەو بارەیەوە د. فازڵ نەبی وتی :” لەڕاستیدا ئەوە كێشەیەكی زۆر گەورەیە لە كۆمەڵێك لایەنەوەیە، لایەنی یەكەم، بێگومان ئێرانە هەموومان دەزانین كە توركیا كێشەی نییە لەبەرئەوەی سوودمەندە چۆن هێڵی گواستنەوەی نەوت بە توركیادا دەڕوات، هێڵی ناردنی گواستنەوەی گازی سروشتیش هەر بە توركیادا دەڕوات، بۆیە توركیا سوودمەندە لەو بابەتەدا، بەڵام ئێران هەستدەكات ئەو زیانمەندە لە هەردوولایەنەوە، لەلایەك نەیارەكەی كە توركیایە سوودمەند دەبێت، لایەنی دووەم، خۆی دەیەوێت لە مەسەلەی بابەتی ڕێككەوتنی نەوەوی- تەتۆمی بەرەوپێش بڕوات ئەگەرهاتوو لە هەندێك جێگای تر سەرچاوەی وزەی تر دۆزرایەوە بەتایبەتی مەسەلەی گازی سروشتی لەوانەیە ڕێككەوتنی ئەتۆمی تەگەرەی تێبكەوێت واتە ئەمەریكا ئەو تەنازولاتەی-سازشەی كە دەیەویست بیكات لەوانەیە نەیكات ئینجا ئەوە خاڵێكی زۆر گرنگە بەهەرشێوەیەك هەبێت حكومەتی ئێران لەوانەیە هەوڵبدات گرفت بۆ مەسەلەی ناردنی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان دروست بكات، دووەم عێراقیش بەهەمان شێوە. “

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *