دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ئەمڕۆ 1ی نیسان دەستکرا بەدابەشکردنی 3 مووچەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی دوو مانگە لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتبوو.
پێشتریش لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆك ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە راچڵەكین-ی راگەیاندبوو:” هەرچەندە بڕیار بوو رۆژی ١٥ی مانگ مووچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە دابەشبكرێت، بەڵام بەهۆی نەناردنی پارەكە لە لایەن ئەمریكاوە دابەشكردنی مووچەكە دواكەوتووە و نازانین هۆكاری دواكەوتنەكەشی بۆچی دەگەڕێتەوە”.
لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە لە 14 لیوا پێكهاتوون و مانگی رابردوو مووچەیان بەبێ لێبڕین بەسەردا دابەشكرا، هەرچەندە بڕیاربوو هەر لەو مانگەدا سێ مووچەی تر وەك قەرەبووی مانگەكانی رابردوو وەربگرن، بەڵام بەووتەی بەرپرسانی پێشمەرگە بەهۆی ئەوەی پارەكە نەخراوەتە سەر هەژمارەی بانكی وەزارەتەكە تائێستا ئەو سێ مووچەیە دابەشنەكراوە.