عیراق داهاتی هەناردەی نەوتی مانگی ئادار ئاشكرا دەكات
وەزارەتی نەوتی عیراق، ئاماری هەناردەو داهاتی نەوت بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاودەكاتەوەو بەگوێرەی ئامارەكەش، لەمانگی رابردوودا نزیكەی 91 ملیۆن و 312 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوەو هەر بەرمیلێكیش بە زیاتر لە 63 دۆلار فرۆشراوە، كۆی داهاتەكەشی زیاتر لە پێنج ملیارو 782 ملیۆن دۆلار بووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی نەوت كە ئەمڕۆ 1-4-2021 بڵاویكردووەتەوە، لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ دەرەوە، گەیشتە 91 ملیۆن و 311 هەزارو 929 بەرمیل، كۆی داهاتەكەشی پێنج ملیارو 782 ملیۆن و 711 هەزار دۆلار بووە.
وەزاەتەكە ئاشكرایكردووە، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگەكانی باشوور 88 ملیۆن و 240 هەزارو 184 بەرمیل بووە، هاوكات سێ ملیۆن و 71 هەزارو 745 بەرمیلیش لە كێڵگەكانی نەوتی كەركوك لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی جیهان كراوە.
ئامارەكە دەریخستووە، رۆژانە بە تێكڕا دوو ملیۆن و 945 هەزار بەرمیل هەناردە كراوە، هەر بەرمیلێكیش بە 63 دۆلارو 32 سەنت فرۆشراوە.