“رۆناڵدۆ بکەنە یەدەگ یان رێگەی پێبدەن بڕوات”
جیمی کاراگێر، کاپتنی پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی رێنمایی دەداتە ئێریک تێن هاگی راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد و دەڵێت “دەبێت تێن هاگ خۆی و تیپەکەی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ رزگاربکات”.
پێشبینی دەکرێت بۆ وەرزی داهاتوو مانچێستەر یونایتد بە سەرکردایەتی تێن هاگ کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات، بەهۆی ئەو وەرزە خراپەی پێشکێشیکرد، کە یانەکە لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی پرێمەرلیگدا بوو، نەیتوانی بگاتە چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ ئەوەشدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 24 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، سەرەڕای ئەوەش کاراگێر سوورە لەسەر ئەوەی کە گرێبەستی رۆناڵدۆ باش نەبووە وپێویستە بەڕێبکرێت.
کاراگێر لەو بارەیەوە گوتی “کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێکە لە باشترین یاریزانانی مێژوو، ئەو ملیۆن جار لە من باشتر بووە لە هەر کاتێکدا کە یاریم کردبێت، من نەمدەتوانی قەیتانی پێڵاوەکانی ببەستم، بۆیە ئەوەی من دەیڵێم بێ رێزی نییە بەرامبەر ئەو، بەڕای من کریس وەرزێکی خراپی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەڕێکرد، لەبەرئەوەی لە تیپێکی باشدا نەبوو”.
ئەو هەروەها گوتیشی “کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەرگیز لەگەڵ تیپێکی وا خراپ یاری نەکردووە، ئەو پێشتر لەگەڵ باشترین تیپەکان یاری کردووە و هەمیشە ئارەزووی ئەوەی هەبووە پیاوی سەرەکی تیپەکەی بێت و بە بەردەوامی هەوڵیداوە گۆڵ بکات وهانی هاوڕێکانی بدات بەرەو پێشەوە بچن، کاتێک لە تیپێکی باشدا یاری دەکەی دەتوانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەی، بەڵام کاتێک لەگەڵ تیپێکی خراپدا یاری دەکەی، خراپ دەبی، پێموایە ئەو لەم وەرزەدا خراپ بوو”.