“هەركەس رێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێمی كردبێت.. باشی نەكردووە”

سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان دەڵێت:”محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، “زۆر كەس خۆی كردووە بە پاڵەوانی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا، بەڵام هەركەس رێككەوتنەكەی كردبێت باشی نەكردووە.”

 درەنگانی شەوی چوارشەممەی رابردوو، پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق پەسەندكراو پشكی هەرێمی تێدا جێگیركرا، دواتر لایەنەكانی دەسەڵات لەهەرێم چەسپاندنی پشكی هەرێمیان وەك دەسكەوت بۆخۆیان ئەژمار كرد و هەر لایەنەو خۆی بەهۆكاری سەركەوتنی ئەو رێكەوتنە ناساند.

محەمەدی حاجی مەحمود- سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان لەكاردانەوەی ئەو رێكەوتنەدا، ئاماژەی بەوەكردووە:” ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا كراوە، رێككەوتنێكی خراپە و بەغدا هەرچی وتووە كورد كردوویەتی”.

دەشڵێت:” “پشكی كورد بەراورد بە پێشتر زۆر كەمكراوەتەوە و ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی عیراق لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەشی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناكات”.

محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەشكردووە:” “زۆر كەس خۆی كردووە بۆ پاڵەوانی رێككەوتنەكە، بەڵام هەركەس رێككەوتنەكەی كردبێت باشی نەكردووە، جگە لەوەش شتێكی كاتییە”، وتوشیەتی، “پێموانییە هەموو شتەكان لە قازانجی كورد بێت، بەڵكو لە قازانجی حكومەتی عێراق كراوە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *